نەبیل مەرسومی، پسپۆڕی ئابوری ئاشکرایکردوە، تورکیا بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێم شەش مەرجی بۆ حکومەتی عێراق دیاریکردوە  مەرجی یەکەمیشی راگرتنی ئەو رێککەوتنەیە کە لەماوەی رابردوودا لە نێوان عێراق و ئێراندا کراوە بۆ ئاڵوگۆڕی نەوت بەرامبەر بە غاز لەبەرئەوەی تورکیا و ھەرێم گرێبەستی پەنجا ساڵەیان کردووە.

مەرجی دووەمی تورکیا تایبەتە بە بابەتی قەرەبووکردنەوەی عێراق لەبەرامبەر رێگەدانی بە ھەناردەی نەوتی ھەرێم کە بڕەکەی ملیارێک و ٥٠٠ ملیۆن دۆلارە،   مەرجی سێیەمیش کشاندنەوەی سکاڵای دووەمە کە بەغداد بۆ قەرەبووکردنەوەی لە ساڵانی ٢٠١٨ بۆ ٢٠٢٢  لە دادگای نێوبژیوانی تۆماری کردووە.

مەرجی چوارەمی تورکیا بەردەوامبوونی ئەو داشکاندنەیە کە لە نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆی کراوەو بۆ ھەر بەمیلێک نەوت ١٣ دۆلارە. بەوتەی نەبیل مەرسومی تورکیا داواشیکردوە، پێدانی کرێی گواستنەوەی نەوت بە کۆمپانیای بوتاش بەردەوام بێت کە بۆ ھەر بەرمیلێک حەوت دۆلارە ، مەرجی شەشەمیش کە تورکیا بۆ عێراقی دیاریکردووە، بریتییە لەوەی عێراق تێچووی چاککردنەوەی ھێڵی نەوتی عێراق – تورکیا لە ئەستۆ بگرێت.

لەدوای بڕیاری دادگای نێوبژیوانی لە بەرژەوەندی سکاڵایەکی عێراق کە دژی رێگەدانی تورکیا بە ھەناردەی نەوتی ھەرێم لە نێوان ساڵانی ٢٠١٨ بۆ ٢٠١٨ تۆماری کردبوو، ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە ٢٥ی ئادارەوە بۆ تورکیا راگیراوەو ھەوڵەکانی عێراق بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی نەوتی ھەرێم بۆ تورکیا بێئەنجام بوون.