د.لەتیف ڕەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە کۆشکی بەغداد پێشوازیکرد لە شاندێکی شارەزایانی دەستپێشخەری فێمینیستی یۆرۆ-دەریای ناوەڕاست و تیمی ڕوانگەی ناوچەیی تایبەت بە توندوتیژی دژی بە ژنان و کچان.
لە میانی دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار بەخێرهاتنی شاندی میوانی کرد، کە شارەزایانی (ئەفریقا، ئاسیا و ئەوروپا) لەبواری توندوتیژی دژ بە ژنانی لەخۆگرتبوو، جەختی لەگرنگی بەرەنگاربوونەوەی هەموو جۆرە جیاکاری و توندوتیژی دژ بەژنانی کردەوە، کەبەشێکی سەرەکین لە گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی کۆمەڵگەکانیان، و خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بەبەشداربونی عیراق لەو پێوەرە ناوچەییە کە نۆ وڵاتی لەخۆگرتوە.
سەرۆک کۆمار دووپاتی کردەوە کەدەستوور و سیستمی دیموکراسی مافەکانی ژنان دەستەبەر دەکات، هەروەها ئەمڕۆ بۆ عیراقییەکان گەرەنتی دەستووری و یاسایی بۆ هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە فەراهەم کراوە، ئاماژەشی بەڕۆڵی سەرۆکایەتی کۆمار کرد لە ئامادەکردنی سیستمێکی یاسادانان کە لەگەڵ پێوەرەکانی مافی مرۆڤدا بگونجێت و ژنان بە تایبەتی، هەروەها دامەزراندنی فەرمانگەیەکی کاروباری ژنان لە سەرۆکایەتی و پاڵپشتیکردنی ژنان لە پۆستە باڵاکاندا لە سەرۆکایەتی و جەختیشی کردەوە کەسەرۆکایەتی کۆمار کۆمەڵێک ڕەشنووسی یاسای بۆ ئەنجومەنی نوێنەران ناردوە بەمەبەستی پەسەندکردن، لەوانە (ڕەشنووسی یاسای توندوتیژی خێزانی) و(ڕەشنووسی یاسای دەستەی باڵای بەهێزکردنی ڕۆڵی ژنان) و ئەنجومەنی نوێنەرانیش پێشتر (ڕەشنووسی یاسای ڕزگاربووانی ژنانی ئێزیدی)یان دەرکردبوو کە لەلایەن سەرۆکایەتی کۆمارەوە نێردرابوو، جگە لە پەسەندکردنی زۆرێک لەپەیماننامەکان لەو بارەیەوە، هەروەها بەشداریکردنیان لە ئامادەکردن و نووسینی ستراتیژی نیشتمانی بۆ جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی بڕگەکانی بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایش (١٣٢٥) کە پەیوەندیی بە پاراستنی ژنانەوە هەیە لە کاتی ململانێی چەکداریدا.
د.لەتیف رەشید باسی لەهەوڵەکانی سەرۆکایەتی کۆمار کرد بۆ بەدواداچوونی دۆسیەی دەستبەسەرکراوان و سزادراوان و کارکردن بۆ ئازادکردنی ئەو کەسانەی کە حوکمەکەیان کۆتایی هاتووە و بەدواداچوون لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکرێت بە مەبەستی ڕەچاوکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ناوەندەکانی دەستبەسەرکردندا .
سەرۆک کۆمار ڕۆڵی تیمی کار و هەوڵەکانیان لە بەدواداچوون بۆ واقیعی ژنان و گرنگی پلانەکانی بە ئامانجگرتنی نەوەی ئێستا و نەوەکانی داهاتوو لەڕێگەی شیکارییەکی واقیعی کۆمەڵگەوە بەرز نرخاند، هەروەها گەیاندنی ئازارەکان لەکۆمەڵگەکان بە گشتی و ژنان بە تایبەتی.
هەروەها هەڵوێستی پتەوی عیراقی بۆ پشتیوانی لە دۆزی فەلەستین و مافی چارەنووسی گەلی فەلەستین و ڕەتکردنەوەی دەستدرێژیی ئێستای دژی گەلانی فەلەستین و لوبنانی دوپاتکردەوە و هیوای خواست کەبڕیاری ئاگربەست، هاوکاربێت بۆ بەهێزکردنی چانسی ئاشتی و سەقامگیری و ئاسایش لە ناوچەکەدا.