کونسوڵخانەی ئێران لە ھەولێر رایگەیاند، بەپێی رێکارە نوێیەکانی وەزارەتی تەندروستی وڵاتەکەی، ئەو گەشتیارە بیانیانەی دەیانەوێت لەڕێگەی وشکانی و ئاسمانی و دەریاییەوە، سەردانی ئێران بکەن، دەبێت کارتی کوتانی ڤاکسین و پشکنینی کۆرۆنایان پێبێت، بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە لانیکەم ١٥ رۆژ بەسەر وەرگرتنی دۆزی دووەمی ڤاکسین تێپەڕبووبێت و ئەنجامی پشکنینی کۆرۆنای گەشتیاریش نێگەتیڤ بێت.
ھاوکات سەرکونسوڵگەری ئێران لە سلێمانی رایگەیاند، بەپێی ڕێکەوتنەکانی پێشووی نێوان ئێران و عێراق، ھاووڵاتییانی عێراقی دەتوانن، تەنیا بە ھەڵگرتنی پاسپۆرتی باوەڕپێکراو و ماوەبەسەرنەچووی عێراقی و بە ڕەچاوکردنی ڕێکارەکانی تەندروستی لە سنورە ئاسمانیەکانەوە بچنەناو خاکی ئێرانەوە. 
ھەروەھا"ئیرەج مەسجدی"باڵیۆزی ئێران لە بەغداد ئاماژەی بۆ ئەوەکردە، ھاووڵاتییانی ئێران دەتوانن بە فڕۆکە و بەبێ ڤێزە و بە پاسپۆرت و بەڕەچاوکردنی پرۆتۆکۆڵی تەندروستی گەشت بۆ عێراق بکەن، ھاوکات رێگە بە ھاووڵاتییان عێراقیش دەدرێت بەبێ ڤیزەی چوونە ناوەوە سەردانی ئێران بکەن.