یەکێتی لەبارەی پۆستی پارێزگاری کەرکوکەوە وەڵامی پارتی دەداتەوە
کوردسات نیوز
٢٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١
٨٬٩٣٥
دەقی راگەیەندراوەکە...
وەڵامێک بۆ پارتی سەبارەت بە ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن و پۆستی پارێزگاری کەرکوک
لە دوای کۆتاییھێنانی پڕۆسەی ھەڵبژاردن و دەرکەوتنی ئەنجامەکانی، چەند بەرپرسێکی پارتی بانگەشەی ئەوە دەکە کە پارتی دەنگی یەکەمی کەرکوکی بەدەستھێناوە، بۆیە دەبێت پۆستی پارێزگاری کەرکوک بۆ ئەوان بێت!
لێرەوە دەمانەوێ رای گشتی و کەرکوکییە دلێرەکان لەم چەواشەکارییانە ئاگادار بکەینەوە کە ئەو قسەو بانگەشانەی پارتی دەیانکات ھیچ راستییەکی تێدا نییە، چونکە دەنگە بەدەستھاتووەکانی یەکێتیی و پارتی ئەو راستییە دەسەلمنێت کە کام لایەنە دەنگی یەکەمە لە کەرکوک!
بەپێی دوا ئاماری کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان، پارتی لە کەرکوک تەنھا (٤٩٦٣١) دەنگی بەدەستھێناوە، لە کاتێکدا یەکێتیی (٨٢٣٨٠) دەنگی بەدەستھێناوە، لە کاتێکدا ئەو دەنگانەی کە ئەندام و لایەنگرانی یەکێتیی لە دەروەی لیستی یەکێتی بەدەستیان ھێناوە ئەژمار بکەین ژماری دنگەکانی یەکێتیی زۆر لەوە زیاترە کە باسمان کرد. بۆیە لە بەرامبەر راستی و دروستی ئەم ژمارانەدا عەیبەیەکی گەورەیە بەرپرسانی پارتی بڵێن ئێمە دەنگی یەکەمین لە کەرکوک، ئەگەر ھاتباو تەکنیک و سیستمی ھەڵبژاردن رێگر نەبوایە لە بەردەم پڕۆسەکە، لانی کەم یەکێتیی (٥) کورسیشی بەدەست دەھێنا.
سەبارەت بە پۆستی پارێزگاری کەرکوکیش، وێڕای جەختکردنەوەمان کە ئەو پۆستە پشکی کوردە و لەناو کوردیشدا پۆستی یەکێتییە، داوا لە ھەموو حزب و لایەنە کوردستانییەکان دەکەین لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی نیشتمانی کۆ ببنەوە بۆ بەدەستھێنانی ئەو پۆستە، بە تایبەتیش داوا لە بەرپرسانی پارتی دەکەین بەم ھەڵوێستەیان نەبنەوە رێگر لە بەردەم بەدەستھێنانەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکوک وەک لە رابردوودا کردیان، لە کاتێکدا لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دەیتوانی ئەو پۆستە بۆ کورد وەربگرێتەوە، بەڵام! بەرپرسانی پارتی بوونە رێگر لە بەردەم ئەو ھەنگاوە نیشتمانی و نەتەوەییە و جارێکی تر بوونەوە مایەی مانەوەی ئەم پارێزگارە سەپێنراوەی کەرکوک لە پۆستەکەی!.
لیژنەی باڵای راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان/کەرکوک
٢٣/١٠/٢٠٢١