سوزان مەنسور ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند، لەسەر پێشنیازی فراکسیۆنی یەکێتی و لەسەر راسپاردەی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی، توانیان ماف و شایستەی کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان لە ھەمواری یاساکەدا جێگیربکەن.

وتیشی، ھەمواری یاساکە لە بەندی دەیەمی ماددەی ٢٠ـی یاساکەدا پەسەندکرا، کە تەواوی مافی شەھیدانی عیراق دەبەخشێتە کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان.

سوزان مەنسور ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بە پێی ھەموارەکە ھەموو ئەو پێشمەرگانەی لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم شەھیدبوون بە رەسمی وەک شەھید لە دامەزراوەی شەھیدان دەناسێندرێن و کەسوکارەکانیان ھاوشێوەی تەواوی شەھیدانی عیراق سود لە ئیمتیازاتەکان وەردەگرن.