یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان کۆبوونەوە و هەردوولا جەختیان لەوەکردەوە کە پێویستە هەنگاوی کردەیی بۆ باشترکردنی بژێوی هاوڵاتیان بنرێت و خزمەتکردنیان لە پێشینەی کارەکانی داهاتوو بێت.
لەمیانەی سەردانەکانی وەفدی دانوستانکاری یەکێتی بۆ لای حزب و لایەنە سیاسییەکان، ئەمڕۆ پێنج شەممە ٢٨ی ١١ی ٢٠٢٤، وەفدەکە بەسەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال، لەگەڵ مامۆستا سەڵاحەدین محەمەد بەهادین ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان کۆبوونەوە.
لەکۆبوونەوەکەدا کە لە سلێمانی بەڕێوەچوو و ژمارەیەک لەئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی هەردوولا ئامادەیبوون، پێکەوە گفتوگۆ لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوانیان و دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان و ئامادەکارییەکانی قۆناغی پاش هەڵبژاردن کرا.
لەبەشێکی کۆبونەوەکەدا کە تایبەت بوو بە قۆناغی دوای هەڵبژاردن، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگی پێکهێنانی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای خزمەتکردنی باشتری هاوڵاتیان. بۆ ئەو مەبەستەش جەخت لە پێویستی گرتنەبەری هەنگاوی کردەیی باشتر کرایەوە کە بژێوی هاوڵاتیان و خزمەتکردنیان لە پێشینەی کارەکانی داهاتوو بێت.