وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڵاویکردەوە، وەفدێکی وەزارەتیان لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە بە سەرۆکایەتی ھەریەک لە د.سەیوان عەلی بریکاری وەزارەتی پەروەردە و د.ئامانج عەبدوڵا راوێژکاری وەزیری خوێندنی باڵا کۆبووەتەوە و تێیدا، نمرەی دەرچووانی پۆلی ١٢ـی ئامادەیی بە ھەرسێ بەشی زانستی و وێژەیی و پیشەییەوە کە ژمارەیان ٥٥ ھەزار و ٧٢٠ دەرچووە، رادەستی وەزارەتی خوێندنی باڵا کراوە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەدوای وەرگرتنی نمرەی ئەو دەرچووانە، وەزارەتی خوێندنی باڵا کاریان لەسەر دەکات و ئامادەکارییەکانیش دەستپێدەکات بۆ ئەوەی لە ئایندەیەکی نزیکدا سیستەمی زانکۆلاین کارابکرێت و لە رێگەیەوە پێشکەشکردن بۆ زانکۆ و پەیمانگا حکومییەکان دەستپێبکات.

وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوەشداوە، بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢٤-٢٠٢٥) لەسەرجەم زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان زۆرترین دەرفەتی خوێندنی بێبەرامبەر بۆ دەرچوانی دوانزەی ئامادەیی دەرەخسێنێت.