کەسوکاری عەبدوڵای خەیات لەسەر گڵکۆی ناوبراو کۆبوونەوە
کوردسات نیوز
١٠ی ئەیلوولی ٢٠٢١
٢٬٣٧٩
لە ڕێوڕەسمی ماتەم گێڕانەکەیدا ھونەرمەند بەھادین ھەڵەبجەیی پورزا و ھاوڕێی منداڵی عەبدوڵای خەیات لە لێدوانێکدا بۆ کوردسات نیوز ڕایگەیاند لەدەستدانی ئەو ھونەرمەندە کۆستێکی گەورەیە بۆ بنەماڵەکەیان و زیانێکی گەورەشە بۆ ھونەری کوردی.
وتیشی عەبدوڵای خەیات ھونەرمەندێکی دیار و چالاکی کوردستان بووە و بەشداری دەیان شانۆ و درامای کردووە و لە دواین بەرھەمیشیدا ڕۆڵی لە درامای کرێچیدا بینیوە کە تا ئێستا پەخش نەکراوە و بەھۆی پەتای نەگریسی کۆرۆناوە فریا نەکەوت کۆتا بەرھەمی ھونەری ببینێت.
عەبدوڵا حەمە ساڵح ناسراوە بە عەبدوڵای خەیات ساڵی ١٩٦٤ لە ھەڵەبجە لەدایکبووە و قۆناغی سەرەتایی خوێندنی ھەر لەو شارە تەواو کردووە و دواتر ئامادەیی پیشەسازی لە سلێمانی تەواو کردووە و لە ساڵی ١٩٧٩ بۆ یەکەم جار لەسەر تەختەی شانۆ دەرکەوتووە، لە درامای وەسێتنامەدا بە گوڵی بامێ ناوبانگی دەرکرد و زیاتر لای ھونەردۆستان ناسرا.
ئەم ھونەرمەندە بۆ ماوەی ٤٢ ساڵ لە کاروانی ھونەری بەردەوام بوو، دوای تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و مانەوەی لە نەخۆشخانە بۆ ماوەی ١٨ ڕۆژ لە ڕۆژی ٤ی ٩ی ٢٠٢١ بە کۆرۆنا کۆچی دوایی کرد و لە دوای خۆی ژمارەیەک بەرھەمی ھونەری و دوو کوڕی بۆ نیشتمان بەجێھێشت.