ئەمڕۆ پێنج شەممە ٢-٩-٢٠٢١, لە دیوانی قائیمقامیەتی سلێمانی ئاوات محەمەد قائیمقامی  سلێمانی لەگەڵ عەمید فازل نامیق بەڕێوەبەری نوێی ھاتووچۆی رۆژئاوای ناوشاری سلێمانی و عەمید فایەق خدر بەڕێوەبەری نوێی ھاتووچۆی رۆژھەڵاتی ناوشاری سلێمانی و لێپرسراوی بەشی زیادەڕۆیی لە شارەوانی سلێمانی و بەپرسانی دیکەی پەیوەندیدار کۆبووە، سەرەتا قائیمقامی  سلێمانی پیرۆزبای لە ھەردوو لێپرسراوی نوێی ھاتووچۆی سلێمانی کردو پاڵپشتی و پشتیوانی خۆی پێ راگەیاندن و ھیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن لە ئەرکە نوێکەیاندا. 


لە کۆبوەنەوەکەدا گفتووگۆ لە بارەی پلانێکی نوێ کرا بۆ رێکخستنەوەی جموجوڵی ھاتووچۆ لە نێو بازاڕو شەقام و رێگەوبانەکانی شارەکە، بەپێی پلانە نوێکە تیمەکانی ھاتووچۆ بە ھەماھەنگی لەگەڵ ھێزەکانی پۆلیس و تیمەکانی شارەوانی و فەرمانگە پەیوەندیدارەکان کاردەکەن بۆ لابردنی ئەو ئاستەنگانەی کە لەسەر شەقامەکان بەھۆی راوەستانی ئوتومبێل بە شێوەی نایاسایی و زیادەڕۆییەکانەوە دروست دەبن، ئامانج لە گۆڕانکارییەکانیش رێکخستنی زیاتری سیستمی ھاتووچۆ و جموجوڵی ئوتومبێل و ھاتووچۆی ھاوڵاتیانە لە سەرجەم شەقام و رێگەوبانەکانی سلێمانی.

راگەیاندنی قائیمقامیەتی سلێمانی