قایمقامەتی سلێمانی راگەیەنراوێکی سەبارەت بە سەردانەکانیان بۆ نانەواخانە و سەمونخانەکان لە مانگی ئابدا بڵاوکردەوە و ئاشکرایکرد، لەو مانگەدا بەشێوەیەکی بەردەوام سەردانی نانەواخانە و سەمونخانە و ھەموو ئەو شوێنانە کراوە کەکاری ھەویر دەکەن. راشیگەیاندووە، ٤٤ پسوڵەی سەرپێچی تۆمارکراوە، ٣٧ پسوڵەی ئاگادارکردنەوەش بۆ نانەواخانەکان کراوە کە پابەندی مەرج و رێنماییەکانی کارکردن نەبوون، لەکاتی دوبارەکردنەوەیدا روبەڕوی رێکاری یاسایی دەکرێنەوە.
لە بەشێکی تری راگەیەنراوەکەدا ھاتووە، بەھۆی دوبارەکردنەوەی سەرپێچییەوە نانەواخانەیەک داخراوە و دەستیش بەسەر ٧٠ سینی و ٥٣ تاوڵەی نەشیاو بۆ برژاندنی سەمون و ١٩٢ کیلۆ سۆدە و بڕێک خورما و ھەویری خراپدا گیراوە.