ئەمەش دوای چارەگە سەدەیەك لە هێرشی سوپای رژێمی سەددام حسێن بە هاوكاری هێزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ سەر هەولێری پایتەختی خەونی ئازادی گەلەكەیان كە بووە هۆی شەهیدبوونی دەیان پێشمەرگە و فەرماندەی ئازا و بە جەرگی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و ئۆپۆزسیۆنی عیراقی و تێكۆشەرانی رێی رزگاری .


ئەو پەلاماردانە دڕندانەیەو گەڕاندنەوەی سوپای بەعس تەنها پاش تێپەربوونی شەش ساڵ بوو كە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان لە دژی ڕاپەڕیبوون ، تەنها شەش ساڵ بوو میللەتەكەمان ئەزموونێكی دیموكراتی بۆ خۆی بنیاتنابوو كە جێی پشتیوانی و هاوسۆزی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بوو.


ڕاستە گەلەكەیان بە قوربانیدان و سووربوونی لەسەر درێژەپێدانی خەبات و بە لەخۆبردووی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پشتیوانی دۆستان ، توانی بەسەر ئەم ئازارە كەمەر شكێنەدا زاڵبێت و رێگەی ئاشتی و لێبوردەیی بۆ پەرەپێدانی ئەزموونی كوردستان بدۆزێتەوە و رێی ئاوەدانی و ئاسۆی سەركەوتن  بەسەر رێی تۆڵە و ناكۆكی و گرژی سەربخات، بەڵام هێشتا دوای چارەكە سەدەیەك لەو كارەساتە بەدەست ئاسەوارە خراپە دەروونی و مەعنەوییەكانییەوە دەناڵێنێ كە پایتەخت و تەواوی كوردستانی خستە بەردەم مەحەكی هەڵوەشانەوە و تێكەڵبوونی بە كاغەز و ئەجیندەی  سەپاندنی دیفاكتۆی هێز و دەست تێكەڵكردن و دەست تێوەردانی ئیقلیمی ناجۆر و تێكدانی هاوسەنگی هێز و ململانێ سروشتی سیاسی .


یەكێتی بەتایبەتی و گەلەكەشیان بەگشتی بە پێویستی دەزانێت كە برینی تاوانی 31ی ئاب بە یەكجاری سارێژ بێت، ئەویش بە وازهێنان لە فەرهەنگی خۆسەپاندن، دیفاكتۆی ناڕەوا و بەگرتنە بەری بژاردەی دیموكراسیی و ئازادی و دادپەروەری راستەقینە، دوور لە ستەمی گرتن و ئازاردانی كۆمەڵانی خەڵك.