قوباد تاڵەبانی بە یاوەری شاناز ئیبراھیم ئەحمەد، لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی سلێمانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبۆ‌وە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی ئامادەکارییەکانی بانگەشەی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.


لە کۆبوونەوەکەدا کە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ ٢٨ی ئابی ٢٠٢١لە ھۆڵی دادە ھێرۆ لە مەڵبەندی ١ی رێکخستنی سلێمانی بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی باسی لە ئامادەکارییەکانی ھاوپەیمانی کوردستان کرد بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردن و جەختی کردەوە دەبێت تیمەکانی یەکێتی و گۆڕان ھەماھەنگی تەواو لەنێوانیاندا ھەبێت و پێکەوە لە ھەموو بازنەکان کار بکەن بۆ سەرخستنی کاندیدەکانی ھاوپەیمانی کوردستان.


قوباد تاڵەبانی راشیگەیاند، سەرکەوتنی ھاوپەیمانی کوردستان سەرکەوتنی ئیرادەی چارەسەری کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەرێم و بەغدایە، بۆیە پێویستە سەرکردایەتی و کادرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ھەموو توانایانەوە کاربکەن بۆ سەرخستنی.


لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا شاناز ئیبراھیم ئەحمەد ئامادەکارییەکانی ھەڵمەتی ھەڵبژاردنی خستەڕوو لەڕووی دابەشکردنی ئەرک و کارەکان و ھەماھەنگی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان، لەوبارەیەوە جەختیکردەوە، لەگەڵ دەستپێکردنی ھەڵمەتی بانگەشەی ھاوپەیمانی کوردستان ھەموو تیمەکان دەبێت بەپێی ئەو بەرنامە و پلانەی بۆیان دیاری کراوە بەشێوەیەکی رێکخراو ھەڵمەتی بانگەشەی ھەڵبژاردن بەڕێوەبەرن لەپێناو سەرپێ خستنی پلانی ھاوپەیمانی کوردستان و ناساندن و سەرکەوتنی کاندیدەکانی.


شاناز ئیبراھیم ئەحمەد وتیشی، بەجۆش و خرۆشەوە بانگەشەی ھەڵبژاردن بەڕێوەدەبەین و پێکەوە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان دەست لەناو دەست دەبین بۆ سەرخستنی کاندیدەکانی ھاوپەیمانی کوردستان و پاراستنی ھێمنی و ئارامی شاری سلێمانی، تا ئەم ھەڵبژاردنە بکەینە مەشخەڵی سەرکەوتنی  ھاوپەیمانی کوردستان کەبەرھەمی ئەم رێککەوتنەی یەکێتی و گۆڕانیش رۆحی ھەردوو ڕابەری کۆچکردوومان سەرۆک مام جەلال و کاک نەوشیروان، شاد بکات.

دواتر ئامادەبووان سەرنج و تێبینی خۆیان خستەڕوو و جەختیشیان کردەوە ‌ کە ھاوپەیمانی کوردستان لە بەغدا ھۆکارێک دەبێت بۆ بەدیھێنانی مافی رەوای گەلی کوردستان.