بافڵ تاڵەبانی ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازیکرد لە کۆڵۆنێڵ سویک فەرماندەی ھێزەکانی ئەڵمانیا لە ھەرێمی کوردستان و وەفدێکی سەربازیی یاوەری، بافڵ تاڵەبانی گرنگی پتەوکردنی ھەماھەنگی سەربازیی نێوان ھەردولای بەپێویستزانی لەچوارچێوەی ھەوڵە نێودەوڵەتیەکان بۆ روبەڕوبونەوەی تیرۆر و پاراستنی ئارامی و ئاسایش لەناوچەکە.

داواشیکرد، ھێزەکانی ئەڵمانیا ھاوکارییەکانیان بۆ ھێزەکانی پێشمەرگە فراوانتر بکەن و پشتیوانی لەسەرخستنی ھەنگاوەکانی یەکگرتنەوە و رێکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگە بکەن.

لەبارەی بۆشایی ئەمنی لەچەند ناوچەیەکی عێراق و جموجوڵی پاشماوەکانی داعش، بافڵ تاڵەبانی جەختی لە ھەماھەنگی زیاتر لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق و ھێزەکانی ھاوپەیمانان کردەوە بۆ بەرقەراکردنی ئاسایشی ئەو سنوورانە.

راشیگەیاند، شکستپێھێنانی چەندین پیلانی تیرۆریستانی داعش لەماوەی رابردوو بۆ تێکدانی ئارامی ھەرێم لەلایەن ھێزەکانی دەزگای ئاسایشی ھەرێم و  دژەتیرۆرەوە ئەوەمان پێدەڵێت ھێشتا مەترسییەکان ماون و پێویستە ھەموومان پێکەوە رووبەڕووی ببینەوە.