لەکۆبوونەوەکەدا کە د.ئەرسەلان بایز، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و د.رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم ئامادەیبوون، گفتوگۆکرا لەبارەی دۆخی ناوخۆی یەکێتی، گۆڕانکاری و چاکسازییەکان و ئامادەکارییەکانی یەکێتی بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و سەرخستنی ھاوپەیمانی کوردستان.

بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بە خۆڕێکخستنەوە و چاکسازیکردن لەناو دامەزراوەکانی حیزب کرد و وتی، یەکێتی چەند ھەنگاوێکی بەئاڕاستەی یەکێتی ناو یەکێتی ناوە و گۆڕانکارییەکان لەپێناو پاراستنی شکۆی یەکێتی و پارێزگاریکردن بووە لە دەستکەوتەکان و ئەو بەھا نەتەوەیی و نیشتمانییانەی یەکێتییەکەمان بڕوای پێیانە. ئەم حیزبە بەرھەمی رەنجی تێکۆشەران و خوێنی شەھیدانە و بەھیچ شێوەیەک رێگەنادەین لە رێبازە پیرۆزەکەی مام لابدات.

لە درێژەی کۆبوونەوەکدا ھاوسەرۆک جەختی لەوە کردەوە کە یەکێتی موڵکی ھیچ گرووپ و بەرژەوەندیخوازێک نییە و رێگەنادەین مێژووی پڕ لە سەروەری ئەم حیزبە لەکەدار بکرێت. ئەوەی کردوومانە پاراستنی حیزبی شەھیدان بووە لە ھەڵدێر و بەلاڕێدا بردن. یەکێتی لەھەناوی کۆمەڵانی خەڵکەوە دروستبووە و دەبێت ھەموو ھەوڵەکانیشی لەپێناو خەڵکدا بێت نەوەک کۆمەڵێک کەس کە یەکێتییان بۆ بەرژەوەندی و مەرامی تایبەتی خۆیان بەکاردەھێنا. دڵنیایی دەدەینە یەکێتییە سەربەرزەکان کە جارێکیتر یەکێتی نابێتە قوربانیی مەرامە تایبەت و بەرژەوەندییە شەخسییەکان، ئەوانەشی لەرابردوودا ئەم کارانەیان کردووە نابەخشرێن و رادەستی دادگایەن دەکەین.

لەبارەی ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی عێراقەوە بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند، دروستکردنی ھاوپەیمانی کوردستان لەپێناو کۆدەنگی و یەکڕیزی گەلەکەمان بووە، ھەموو ھەوڵەکانیشمان بۆ سەرخستنی دەخەینەگەڕ و پێکەوە لەپێناو کوردستانێکی ئارام و خۆشگوزەران کار دەکەین.