بافڵ تاڵەبانی: ڕێگە نادەین حزبی شەھیدان ببێتە لانەی لە یاسادەرچووان
١٢ی ئابی ٢٠٢١
٩٢٧
بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی ڕایگەیاند، ئەوانەی یەکێتییان بۆ مەرامی شەخسی و بەرژەوەندی تایبەت بەکاردەھێنا، دووردەخرێنەوە و ڕێگە نادەن حزبی شەھیدان ببێتە لانەی لە یاسادەرچووان و ئەوانەی لە گەندەڵییەوە تێوەگلاون.
بافڵ تاڵەبانی لە دەباشان لەگەڵ وەفدێکی کەمئەندامانی سەنگەر کۆبووەوە و لە دیدارێکدا ڕایگەیاند، یەکێتی شانازی بە خەبات و تێکۆشانی ئێوەی قارەمانەوە دەکات. ئێوەبوون لە ڕۆژانی سەختدا لە پێناو سەربەرزی کوردستان و یەکێتیدا بە ڕۆحێکی شۆڕشگێڕانەوە خەباتتان دەکرد و گڕوتینێکی ترتان بە شۆڕش دەبەخشی. ئێستاش یەکێتی ماڵی ئێوەیە و دەبێت پێش ھەموو کەسێک خۆتان بە خاوەنی بزانن.
سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی ناوخۆی یەکێتیش ڕایگەیاند، دەیانەوێت یەکێتی پاک بکەنەوە لە گەندەڵکاران و ئەوانەی دەستیان بۆ بژێوی ژیانی خەڵک و کار و بازرگانی ھاووڵاتییانیان دەبرد. ئەوانەی یەکێتییان بۆ مەرامی شەخسی و بەرژەوەندی تایبەت بەکاردەھێنا، دووردەخرێنەوە و ڕێگە نادەن حزبی شەھیدان ببێتە لانەی لە یاسادەرچووان و ئەوانەی لە گەندەڵییەوە تێوەگلاون.
یەکێتی دەخەنەوە خزمەت خەڵکە خۆشەویستەکەیان و داوا لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەن خزمەتگوزاری زیاتر پێشکەش بکات و ژیانێکی ئارام و شایستە بۆ خەڵک دەستەبەر بکات. یەکێتی بەرھەمی خوێنی شەھیدان، کەمئەندامانی سەنگەر و زیندانیانی سیاسییە، ئەوانیش وەفادار دەبن و تێکۆشانی ئەوان لە بیرناکەن.