جەوھەر ھەرکی : تاکە رێگە متمانەکردنە بە لیستی ھاوپەیمانی کوردستان
کوردسات نیوز
١٠ی ئابی ٢٠٢١
٢٬٣٤٣
دەقی پەیامەکە :
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان
خۆشەویستانمان لە عەشیرەتی ھەرکی و ئازیزانم لە عەشیرەتەکانی دۆست و نزیک
وێڕای رێزو سڵاوی بێپایانم بۆ ھەمووتان ، بەپێویست و گرنگی دەزانم کە داوا لە بەڕێزتان بکەم لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە بڕیار وایە لە (١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١) بەڕێوەبچێت، بەشدارییەکی کارا بکەن و دەنگ بدەن بە لیستی ھاوپەیمانی کوردستان کە لەلایەن برای بەڕێزمان (قوباد تاڵەبانی)یەوە سەرۆکایەتی دەکرێت.
ئەم ھەڵبژاردنە مێژووییەو دەتوانین پێگەی گەلەکەمان لە عێراقدا بچەسپێنین و، مافە بەدینەھاتووەکانمان بەدەستبھێنین. تاکە رێگاش متمانەکردنە بە لیستی ھاوپەیمانی کوردستان کە بە ھاوپەیمانی (یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان) پێکھاتووە. بۆیە ئەرکێکی پیرۆزی مرۆیی، نەتەوەیی، ئاینییە کە پێکەوە کار بکەین بۆ سەرخستنی نەتەوەکەمان و، ھاوپەیمانی کوردستان بە دەنگێکی بەھێزو زۆرەوە سەربخەین.
خەڵکی خۆڕاگرو تێکۆشەری دەڤەری بادینان و ھەروەھا ئازیزانمان لە سنووری پارێزگاکانی موسڵ و ھەولێر دڵنیا دەکەینەوە کە (یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان) وەک ھەمیشە پارێزەری تەبایی و یەکڕیزیی نەتەوەو ئایین و مەزھەبە جیاجیاکانی کوردستان و عێراقە، متمانەی تەواومان بە کارو بەرنامە چاکسازییەکانی ھەڤاڵ و برامان کاک (بافڵ تاڵەبانی) ھەیە، بۆیە بە جۆش و خرۆشەوە بەرەو سندوقەکانی دەنگدان بڕۆن و، دەنگ بە کاندیدەکانی یەکێتی لەناو لیستی ھاوپەیمانی کوردستان بدەن.
بۆ ھەمیشە لەگەڵتان دەبین و ئێوەش ویژدانتان ئاسوودەبکەن و لەگەڵ لیستی ھاوپەیمانی کوردستان بن.