رۆژی سێشەممە ئەنجومەنی نوێنەران هەمواركردنەوەی یاسای بودجە تایبەت بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم تاوتوێدەكات، ئامانج رەحیم دەڵێت، لەدوای پەسەندكردنی هەموارەكە، نەوتی هەرێم رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ دەكرێت.
بە گوێرەی كارنامەی دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران، رۆژی سێشەممە ئەنجومەنی نوێنەران خوێندنەوەی یەكەم بۆ هەمواری یاسای بودجەی سێ ساڵە دەكات كە ماددەیەكی تایبەتە بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان.
ئامانج رەحیم سكرتێری گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم دەڵێت، بەگوێرەی هەموارەكە وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە خەرجییە سەروەرییەكانی ناو بودجە، قەرەبووی حكومەتی هەرێم دەكاتەوە بۆ تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم لەلایەن كۆمپانیای سۆمۆوە بۆ بازاڕەكانی جیهان.
دەشڵێت، لەدوای پەسەندكردنی هەموارەكە و كەوتنە بواری جێبەجێكردنەوە، پێویستە نەوتی هەرێم رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ بكرێت بۆ بە بازاڕكردنی لە رێگەی بەندەری جەیهانی توركیاوە.
هاوكات، هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا رایگەیاند، پێشبینیدەكەن لە ئایندەیەكی نزیكدا هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەستپێبكاتەوە.