ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠٢١ بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیران کۆبوونەوەی ھەفتانەی ئەنجامدا. 


لە کۆبوونەوەکەدا، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری، رونکردنەوەی زیاتر و پێویستی لەبارەی ژمارە و داتاکانی تایبەت بە داھات و خەرجی و کورتھێنانی ناو بودجەی ھەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢١ خستەڕوو . 

ھەر لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا وەزارەتەکانی دارایی وئابووری و پلاندانان و سامانە سرووشتییەکان، بە ھەماھەنگی لەگەڵ وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان، کۆبوونەوەی پێویست ئەنجام بدەن لەگەڵ لیژنە  تایبەتمەندەکانی پەرلەمانی کوردستان (دارایی و کاروباری ئابووری، سامانە سروشتییەکان و یاسایی) ، ئەمە سەرەڕای کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەگەڵ سەرجەم فراکسیۆنەکانی ناو پەرلەمانی کوردستان، بۆ پێدانی بەرچاوڕوونی زیاتر  و ھێنانەدی لێکتێگەیشتنێکی ھاوبەش لە نێوان حکومەت و پەرلەماندا، بۆ ئەوەی پڕۆژە یاسایەکی شەفاف و گشتگیر ئامادە بکرێت و دوای پەسەندکردنی لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە ، بنێردرێت بۆ پەرلەمانی کوردستان بۆ دەنگدان .