لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لە بارەی پرسە سیاسی و ئەمنییەکانەوە کرا و ھەردوولا ڕاشکاوانە ھەڵوێستی خۆیان لە بارەی ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی عێراقەوە خستەڕوو.


ھاوسەرۆکی یەکێتی چارەسەری سیاسییانە و ئاشتییانەی بۆ چارەسەرکردنی کێشە سیاسییەکانی نێوان ھەرێم و عێراق و ھێزە کوردی و عێراقییەکان دووپاتکردەوە و ڕوونیکردەوە، یەکێتی پەرۆشی لێکتێگەیشتنی ھاوبەشە لە نێوان ھێزە کاریگەرەکان، چونکە باوەڕی نەگۆڕمان بە سازان و گفتوگۆ ھەیە لەسەر کۆی پرسەکان و تەنھا لە ڕێگای دیالۆگ و بنەما دەستوورییەکان دەتوانین ڕێکبکەوین و زاڵبین بەسەر ناکۆکی و گرفتەکان. دەبێت وڵات لەم دۆخە پڕ لە کێشمەکێش و ململانێیە ڕزگار بکەین و نەھێڵین چیتر خەڵک و گەلەکەمان ببنە قوربانی ململانێ سیاسییەکان.


لە بارەی ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی عێراقەوە بافڵ تاڵەبانی ھەڵوێستی یەکێتی ڕوونکردەوە و وتی، دەبێت ھەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بە شێوەیەکی پاک و بێگەرد بەڕێوەبچێت و چاودێرانی نێودەوڵەتیش ڕۆڵێکی گرنگییان لە چاودێریکردنی دۆخەکەدا ھەبێت.


ھەر لە کۆبوونەوەکەدا ھاوسەرۆک ڕاشکاوانە ئاماژەی بە مەترسی و ھەڕەشە جددییەکان سەر پڕۆسەی سیاسی لە ھەرێم و عێراق کرد و ڕوونیکردەوە، یەکێتی بە ھەموو شێوەیەک دژی ھەر ھەوڵێک دەوەستێتەوە کە سەقامگیری سیاسی، ئەمنی و ئابووری ھەرێم و عێراق تێکبدات و ڕایگەیاند، ھەموو خەمێکمان ڕوو لە ڕەوینەوەی کێشەکان و دووبارە بونیادنانەوەی متمانەیە لە نێوان ھێز و لایەنەکان و سەرجەم نەتەوە و پێکھاتەکان.