لە دیدارێکدا وەفدی یەکێتی پێزانینی بۆ ڕۆڵی عادل عەبدولمەھدی دەربڕی کە وەک کەسایەتییەکی دیار، دۆستی دێرینی گەلی کورد و سەرۆک مام جەلال ھەمیشە لە بەرەی داکۆکیکردن بووە لە بەدیھێنانی مافەکانی کورد و چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشەکان.


لە میانی دیدارەکەدا وەفدی یەکێتی جەختیان لە زەرورەتی ھەماھەنگی و دیدی نیشتمانی ھاوبەش و بەردەوامی گفتوگۆ بونیادنەر لە نێوان ھەرێم و عێراق کردەوە بۆ چارەسەرکردنی ڕیشەیی کێشە ھەڵپەسێردراوەکان لەسەر بنەمای دەستوور و بەرژەوەندی گشتی.


بافڵ تاڵەبانی پێزانینی خۆی بۆ ھەڵوێستی سەرکردە و ھێز و لایەنە سیاسییەکانی عێراق دەربڕی کە تێگەیشتنیان ھەیە بۆ مافەکانی کورد و ھاوپشتی بەدیھێنانی خواستەکانی کوردن.


وتیشی، یەکێتی نوێ بە ھەمان سیاسەت و ڕێچکەی حەکیمانەی سەرۆک مام جەلال بەردەوام دەبێت. لەگەڵ ھێزە عێراقییەکاندا ھاوبەش و ھاوڕا دەبین بۆ پرسە نیشتمانی و نەتەوەیی و گرنگەکان لەسەر بنەمای گفتوگۆ و تێگەیشتنی ھاوبەش. بە ھەموو شێوەیەکیش سیاسەتی پەراوێزخستن و ڕەتکردنەوەی گفتوگۆ ڕەتدەکەینەوە. لە پێناو مافی گەلەکەمان و بەھێزی قەوارەی ھەرێم ھەموو سازشێکی حیزبی دەکەین، بەڵام سازش لە ماف و بەرژەوەندی گەل و خاکەکەمان ناکەین.