لە کۆبوونەوەیەکدا کە ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی و لێپرسراوی دەزگای ھەواڵگری پێشمەرگە ئامادەبوون، ھەڵسەنگاندن بۆ ھەلومەرجی سیاسی و ئەمنی ناوچەکە کرا و جەخت لە ھەماھەنگی و ھاریکاری ھاوبەش لە نێوان ھێزەکانی ھەرێم و عێراق کرایەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی داعش و بەرقەراربوونی ئارامی و ئاسایشی زیاتر لە ناوچەکە.


بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بە جموجوڵەکانی تیرۆریستانی داعش کرد و ڕایگەیاند، داعش ھێشتا مەترسییەکی جدییە و دەبێت ھەموومان پێکەوە ھاوکار و ھەماھەنگ بین. ئەرکی نەتەوەیی و نیشتمانیی ئێمەیە کە ژیانێکی ئارام و سەقامگیر بۆ ھاووڵاتییانمان دابین بکەین. بۆیە دەستبەکاربوونی ژووری ھاوبەش لە نێوان ھێزی پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکان فاکتەری ئارامی زیاترە لە ھەرێمی کوردستان و عێراق.


لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا ھاوسەرۆکی یەکێتی خوێندنەوەی بۆ ئەگەر و پێشھاتەکان کرد و وتی، دیالۆگ و لێکتێگەیشتن، ھەماھەنگی ئەمنی و سەربازی ھۆکارێکی گرنگە بۆ ئارامیی سیاسی و داوای کرد ژیان و گوزەرانی خەڵک کاری لەپێشینەی سەرجەم ھێز و لایەنەکان بێت و ھەموو ھەوڵەکان بەو ئاڕاستەیە بێت.