ئاگرێکی گەورە لە کەمپی ئاوارەکانی کۆمەڵگەی شاریا کەوتەوە و زیاتر لە ٣٥٠ خێوەتی ئاوارەکان سوتان، دانیشتوانی کەمپەکەش گلەییان لە کەمتەرخەمی لێپرسراوانی کەمپەکە ھەیە.


پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، نزیک سەعات دووی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ ئاگرێکی گەورە لە کەمپی ئاوارەکانی کۆمەڵگەی شاریای سەر بە پارێزگای دھۆک کەوتەوە و بەھۆیەوە زیاتر لە ٣٥٠ خێوەتی ئاوارەکان سوتان و تاوەکو ئێستاش ھۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە ئاشکرا نەکراوە. 


ئاماژەی بەوەشکرد، کەمپەکە نزیکەی ٢٠ ھەزار ئاوارەی قەزای شەنگالی تێدایە و بە وتەی دانیشتوانی کەمپەکە لەسەرەتادا کە ئاگرەکە کەوتەوەتەوە ھانایان بۆ لێپرسراوانی کەمپەکە بردووە بەڵام لێپرسراوانی کەمپەکە پێیان وتوون ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوەی کەمپەکە لەکار کەوتووە.