پزیشکێکی پسپۆڕی نەخۆشییە هەناوییەکان باس لەو هۆکارانە دەکات کە وادەکەن، ئازارشکێنەکان ئازار نەشکێنن و یەکەم هۆکاریشی بۆ هەڵبژاردنی هەڵەی ئازارشکێنەکە دەگەڕێنێتەوە.

ئەولگا چیستیک پزیشکی پۆسپۆڕی نەخۆشییە هەناوییەکان ئەوەی خستووەتە روو، هەڵبژاردنی هەڵەی دەرمانی ئازارشكێن، وادەکات ئەو کەسەی بەکاریدەهێنێت ئازاری بەو دەرمانە نەشکێت. پێویستە بەپێی جۆری ئازارەکە و هۆکارەکەی ئەو دەرمانە ئازارشكێنە بدرێتە نەخۆش کە پوێویستییەتی و تایبەتە بە حاڵەتەکەی ئەو نەخۆشە.

ئەو پزیشکە جۆری دەرمانەکانی بەم جۆرە باسکردووە و دەڵێت، بۆ ئەو ئازارانەی لە ماسولکەکاندا دروست دەبن یان بۆ هەوکردنی ماسولکەکان ئەو ئازارشکێنانە گونجاون کە ماددەی نیمیسۆلیدیان تێدایە، بەڵام ئازارشکێنێکی وەک ئیبۆپڕۆفین، بۆ ئازاری جومگەکان و ژانەسەر و ئازاری سوڕی مانگانە بەسودە.

روونیشیکردووەتەوە، ئەو دەرمانە ئازارشکێنانەی میتامیزۆڵ سۆدیۆمیان تێدایە، دەکرێت بەکاربهێنرێن بۆ ئازاری ددان و ماسولکەکان، ئەوانەشی کیتۆرۆلاک ترۆمیتامۆڵیان تێدایە بۆ هەبوونی تا و ئازاری دوای نەشتەرگەریی و ئازاری نەخۆشانی شێرپەنجە کاریگەرن.

باسی لە هەریەک لە ماددەکانی هایدرۆکلۆرید لیدۆکایین و ئەرتیکاین و ئەدریناڵین و ئۆکسیبۆپڕۆکائین کردووە و دەڵێت هەریەکەیان بۆ ئازارێکی جیاواز بەکاردەهێنرێن.

ئەو پزیشکە ئاماژەی بەوەشکردووە، وەرگرتنی ژەمی هەڵە لە دەرمانی ئازارشکێن، یان نەخۆش لەکاتی گونجاودا دەرمانەکە وەرنەگرێت، بە هەمان شێوە وادەکات دەرمانەکە کاریگەر نەبێت.

دەشڵێت، هەندێک جار هەندێک جۆری دەرمان بۆ ئەو کەسانە کاریگەر نابن کە جگەرەکێشن یان خواردنەوە کحولییەکان دەخۆنەوە، بۆیە پێویستە ئەو جۆرە گونجاوەی ئازارشکێن وەربگرن کە لەگەڵ ئەو دۆخەی ئەواندا بگونجێت و کاریگەر بێت.

لە کۆتاییشدا چیستیک ئەوەی روونکردووەتەوە، دەبێت ئازارشکێنەکان بەتایبەت ئەوانەی بۆ ئازاری زۆر و شوێنێکی تایبەتی جەستە بەکاردێن، لەلایەن پزیشكی پسپۆڕەوە بدرێت بە نەخۆش.