باشترین کات بۆ وەرزشکردن لە مانگی رەمەزاندا
هەساو ئەمیر
٦ی ئازاری ٢٠٢٥
لە بڕگەی لە رەمەزاندا هەر رۆژە و بابەتێک پەیوەست بە مانگی رەمەزان و رۆژوو باسدەکەین، ئەم جارەش باس لە باشترین کات دەکەین کە گونجاوە بۆ ئەوەی لە مانگی رەمەزاندا وەرزشی تێدا ئەنجام بدەیت و سوود بە جەستە بگەیەنێت.
بچۆ سەر بەشی تەندروستیی سایتی کوردسات نیوز بۆ بینینی سەرجەم بڕگەکانی "لە رەمەزاندا"
پزیشکەکان باس لەوەدەکەن، باشترین هەڵبژاردە ئەوەیە پێش بەربانگ وەرزش بکرێت، چونکە لەوکاتەدا جەستە ئامادەیی تەواوی تێدایە بۆ تواندنەوەی چەوری.
سوودەکانی وەرزشکردن پێش بەربانگ زۆرن، لەوانەش، یارمەتی تواندنەوەی چەوری و دابەزاندنی کێش دەدات و جەستە بە چالاکی و پڕ وزەیی دەهێڵێتەوە، هەروەها کرداری هەرس باشتر دەکات و کارەکانی جگەر رێکدەخاتەوە.
وەزرشکردن بەر لە شکاندنی رۆژوو، سوڕی خوێن و گەیاندنی ئۆکسجین بە خانەکانی جەستە چالاکتر دەکات.
دکتۆر هەڤین کەمال شا پسپۆڕ له زانستی ئازار و بهنج و شارهزا له چارهسهری فهقهرات و نهخۆشی جومگهکان بێ نهشتهرگهری ئاماژەی بەوەکردووە، رۆشتن بە پێ لە بەیانیان زوودا بۆ ماوەی ٣٥ - ٤٥ خولەک چانسێکی باشە بۆ ئەوانەی دەیانەوێت پارێزگاری کێشیان بکەن و پارێزگاری لە جومگە و ماسولکەکان بکەن لە ئازار.
دەشڵێت، ئەنجامدانی وەرزش سەعاتێک پێش بەربانگ، چانسێکی باشە بۆ ئەوانەی دەیانەوێت کێشیان دابەزێنن، چونکە بەپێی توێژینەوەکان ئەنجامدانی وەرزش لە دوای ھەشت سەعات بەرۆژووبوون چەوری سووتاندن زیاد دەکات.
ئەوەشێ خستووەتە روو، ئەوانەی دەیانەوێت دوای بەربانگ وەرزش بکەن، دەبێت 3 سەعات دوای بەربانگ وەرزش ئەنجام بدەن و دەشتوانن ماوەیەکی درێژتر بەردەوام بن لە وەرزشکردن، هەروەها پێویستە خواردنی گونجاو و تەواوکەری خۆراکی بخۆن.