لە بڕگەی لە رەمەزاندا هەر رۆژە و بابەتێک پەیوەست بە مانگی رەمەزان و رۆژوو باسدەکەین، ئەمڕۆش باس لەو رێنامییە گرنگانە دەکەین کە بۆ دابەزاندنی کێش لە مانگی رەمەزاندا دەبێت جێبەجێ بکرێن.

بچۆ سەر بەشی تەندروستیی سایتی کوردسات نیوز بۆ بینینی سەرجەم بڕگەکانی "لە رەمەزاندا"

مانگی رەمەزان جگە لە رووە ئایینییەکەی، سودی تەندروستی زۆر بە جەستەش دەگەیەنێت، زۆرن ئەو کەسانەشی دەیانەوێت لەم مانگەدا کێشی جەستەیان داببەزێنن.

دکۆر ئیسرا کەمال شا پزیشکی گشتیی و پسپۆڕی زانستی خۆراک 10 رێنمایی تایبەت بە دابەزاندنی کێش لە رەمەزاندا بڵاوکردووەتەوە.

 

دەقی رێنماییەکان:

1.پێویستە ئاو خواردنەوە لەبیر نەکرێت و لەدوای بەربانگەوە بە رێژەیەکی گونجاو ئاو بخورێتەوە، کە لەنێوان یەک لیتر و نیو بۆ دوو لیتر و نیودا بێت.

2.دوورکەوتنەوە لە خواردنەوەی شەربەت، بە تایبەت شەربەتە دەستکردەکان. هەروەها دوورکەوتنەوە لە خواردنی شیرینی و ئیشی هەویر و ساردەمەنییەکانی وەک ئایسکرێم.

3.یەک کاتژمێر پێش بەربانگ کاتێکی ئاڵتونییە بۆ وەرزشکردن، چونکە لەو کاتەدا جەستە زۆرترین چەوری دەسووتێنێت، بەڵام پێویستە ئەو وەرزشەی ئەنجام دەدرێت وەرزشێکی قورس و خێرا نەبێت.

4.پێویستە خواردن لەکاتی بەربانگدا قۆناغ بە قۆناغ بێت و هەموو خواردنەکان لە یەک کاتدا نەخرێنە سەر مێزی نانخواردن، گرنگە کاتی نانخواردن یەک کاتژمێری پێ بچێت و بە لەسەرخۆیی نان بخورێت، بۆ نموونە سەرەتا دەنکێک خورما و ئاو رۆژووی پێ بشکێنرێت، دواتر نوێژ بکرێت و شۆربایەک بخورێت، پاشان زەڵاتە و ژەمی سەرەکی، کە گرنگە لە نێوان هەریەک لەو خواردنانەدا ماوەیەک لەنێوانیاندا هەبێت و بەسەر یەکەوە نەخورێن.

5.ئەنجمامدانی چالاکی لەدوای خواردن زۆر گرنگە، پێویستە دوو سەعات دوای بەربانگ چالاکییەک ئەنجام بدرێت، وەک رۆیشتن بە پێ یان راکردن یان وەرزشکردن.

6.دوای بەربانگ تاوەکو کاتی پارشێو نابێت بەردەوام شت بخورێت.

7.ئەگەر زۆر پێویستت بەوە بوو سوکە ژەمێک بخۆی لەنێوان ژەمی ئێوارە تاوەکو پارشێو، وا باشترە تەندروست بێت و بڕێکی دیاری کراو بێت، ئەگەر میوە بێت ئەوا هەر رۆژە و یەک جۆری میوە، لەگەڵیدا کاهوو یان خەیار بخورێت، ئەگەر میوەش نەبوو کەمێک چەرەسات یان بەقەدەر قاپی ماست زەڵاتەی میوە.

8.نەخەوتن تاوەک پارشێو هەڵەیەکی زۆر باوە، پێویستە کەسەکان لەکاتی خۆیدا بخەون و بۆ پارشێو هەڵبستنەوە. ئەگەر ئەو کەسانەشی جۆری جەستەیان بەو شیوەیەیە کە هەست دەکەن بە خواردنی ژەمی پارشێو لە رۆژدا زیاتر برسییان دەبێت، ئەوا تەنها ئاو بخۆنەوە.

9.پێویستە لە پارشێودا خواردنێکی سوک بخورێت، خواردنی قورس و چەور، شیرینی و ئیشی هەویر، خواردنی سوێر و سورکراوە و لە قوتونراو، یان ئەو ژەمەی بۆ بەربانگ ئامادە کراوە، ئەو خواردنانەن زیان بە جەستە دەگەیەنن.

10.باشترین خواردنەکان بریتین لە: پەنیر، هێلکە، زەیتون، ماست بە تۆوی شیا یان کەتان لە هەڵبژاردە باشەکانن. پێویستە ئەو خواردنانە بخورێت کە رێژەی پرۆتین و چەوری سودبەخشیان تێدایە، کە ئەوانە وادەکەن رۆژووەوانان زوو برسییان نەبێتەوە.