زانایانی بواری خۆراک باس لەوە دەکەن، بۆ رووبەڕووبوونەوەی دەرکەوتنی نیشانەکانی پیریی خواردنی گوێز باشترین بژاردەیە. 

لە هەرێمی کوردستاندا گوێزی هەورامان یەکێکە لەو جۆرانەی گوێز کە زۆرترین خواستی لەسەرە، هەم لە رووی تامەوە هەم لەرووی ناسکییەکەی، کە وەک دەڵێن: گوێزی هەورامان بە دەست دەشكێت.

نزیکایەتی خەڵکی کوردستان لە سروشتەوە، بەشێوەیەکی گشتی گوێز بەشێکە لە خواردنی سەر سفرەکان و بەدەر لە خواردنی لە ژەمی بەیانیاندا، لە ژەم و کاتەکانی دیکەشدا تێکەڵ بە چێشت و شیرینی دەکرێت.

سودە تەندروستییەکانی گوێز لەمێژە باسدەکرێن و لەناو کوردستانیشدا وەک ئیدیۆمێکی گاڵتەوگەپ بەیەکتر دەڵێن: "ئەوە گوێزی هەورامان دەخۆیت ئەوەندە زیرەکیت".

لە نوێترین توێژەوەدا زانایان وەک خۆراکێکی دژە پیریی ناوی دەبەن و باس لەوەدەکەن، ژەمێکی سوک و دەوڵەمەندە، کە بەهای خۆراکی بەرزە و دەتوانێت بەرەنگاری نەخۆشییەکانی دڵ و شێرپەنجە ببێتەوە و بەسوودە بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت کێش دابگرن.

زانایان ئەوەیان خستووەتە روو، خواردنی گوێز بەجۆرێک بەسوودە، رێگە دەگرێت لە دەرکەوتنی نیشانەکانی پیریی و سەرچاوەیەکی باشی چەوریی تەندروستە بۆ جەستە.

میلیسیا گایگر پسپۆڕی تایبەتی بواریی خۆراک باسی لەوەکردووە، سەرجەم ئەو خۆراکانەی دەکرێت وەک چەرەس بخورێن دەوڵەمەندن بە چەوریی بەسوود، بەڵام چەورییە سوودبەخشەکانی گوێز جیاوازە و رێژەیان لەناو گوێزدا بەرزترە، بەتایبەت بەرزی رێژەی ئۆمیگا-3 و ترشی ئەلفا لینولینیک.

ئەو پسپۆڕە روونیشیکردووەتەوە، خواردنی رۆژانەی گوێز بە بڕێکی گونجا وادەکات رێژەی هەوکردن لە جەستەدا داببەزێت، چونکە گوێز بەرەنگاری گرفتەکانی ناوەوە و دەرەوەی جەستەش دەبێتەوە.

دەشڵێت، بەدەر لەوانە گوێز بە ڤیتامینەکانیش دەوڵەمەندە، ئەو بەرزی بەها خۆراکییەشی هاوکارە لە بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەکانی دڵ و بۆرییەکانی خوێن، خەمۆکی، شەکرە، بەهێزکردنی مێشک و توانای سەرنجدان.