ژمارەی توشبووانی شێرپەنجە لە بەریتانیا تاوەکو ئەمساڵ گەیشتووەتە زیاتر لە سێ ملیۆن کەس، کە ئەوەش ژمارەیەکی پێوانەییە و پێشتر هەرگیز ژمارەی توشبوون نەگەیشتووەتە ئەو ئاستە.

بەپێی ئەوراپۆرتانەی لەسەر توشبووانی شێرپەنجە لە بەریتانیادا بڵاوکراونەتەوە، رێژەی توشبوون گەیشتووەتە سێ ملیۆن و 400 هەزار کەس و بەرپرسانیش بەشێکی هۆکارەکەی دەگەڕێننەوە بۆ زۆربوونی رێژەی دانیشتووان.

باس لەوەش دەکەن، لەلایەکی دیکەوە بەشێکی زۆری توشبووان کەسانی بەساڵاچوون و سەرکەوتنی تەمەن یەکێکی دیکەیە لە هۆکارەکانی زۆربوونی رێژەی توشبوون، بەڵام سەرەڕای ئەوە رێژەی چاکبوونەوە و لەژیاندا مانەوەی نەخۆشەکان بەرزە.

لەوبارەیەوە بەرپرسان جەخت دەکەنەوە لە گرنگی بەردەوامی توێژینەوەکان و دۆزینەوەی چارەسەر، هەروەها تەرخانکردنی بودجەی پێویست بۆ رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەکە.

شێرپەنجە ئێستا یەکێکە لەو نەخۆشییە باوانەی یەخەی سەرجەم وڵاتانی گرتووە، بەهۆی ئەوەی تێچووی چارەسەری زۆرە، بەڵام سەرەڕای ئەوانە، ئێستا چارەسەرەکانی بۆ جۆرە جیاوازەکانی شێرپەنجە بەکاردەهێنرێن و ئەو ئامێر و پشکنینانەشی نەخۆشییەکەی پێ دەستنیشان دەکرێت لە ئاستێکی پێشکەوتوودان، بۆیە ساڵانە سەرەڕای رێژەی توشبوون رێژەی چاکبوونەوەش لە نەخۆشییەکە روو لە بەرزبوونەوەیە.