بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی کاری ئەمریکا  لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا ٩١٦ ھەزار کەس لە ئەمریکا کاریان دەستکەوتووە , لە کەرتەکانی بەرھەمھێنان و ئاوەدانکردنەوە و  پەروەردە و میوانخانەکان تا ئاستێکی باش بووژانەتەوە بەشێوەیەک ٢٨٠ ھەزار کەس لە کەرتی چێشتخانە کاریان دەستکەوتووە و ١٧٦ ھەزار ھەلی کاریش لەڕێستۆرانتەکاندا. 


ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی کاری ئەمریکا دەڵێت، لە ماوەی ٩ مانگی ڕابردووەوە ئەوە جاری یەکەمە نزیکەی ملیۆنێک دەرفەتی کاری نوێ لە ئەمریکا دەڕەخسێن , لەکاتێکدا پێشتر پێشبینیان دەکرد ٦٤٧ ھەزار ھەلی کاری نوێ بڕەخسێت،  دروستبوونی دەرفەتی کاریش بەو جۆرەی بڵاوکراوەتەوە ڕێژەی بێکاری لە ئەمریکا بۆ  ٦% دابەزاند کە لە مانگی ئادار دا رێژەکە ٦.٢٪ بوو . 


وەزارەتی کاری ئەمریکا دەڵێت، ھەرچەندە چالاکییە ئابوورییەکان دەستیانپێکردووەتەوە و ژمارەیەکی زۆری خەڵکیش چوونەتەوە سەر کارەکانیان بەڵام  ھێشتا ٨ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار کەس بەراورد بە پێش سەردەمی کۆرۆنا بێکارن کە دەکاتە ٦ ٪ ی کۆی ھێزی کار لە ئەمریکا  .