دوای ئەو پشتیوانییە سەرسەختەی لە دراوی گریمانەیی بتکۆین کردی، (ئیلۆن ماسک) سەرۆکی کۆمپانیای تەسێلا لە ماوەی ئەم ھەفتەیەدا دووچاری زیانێکی ئابووری گەورە بووە کە گۆڤاری فۆربسی ئەمریکی بە زیاتر لە ٢٠ ملیار دۆلار مەزەندەی دەکات.

گۆڤارەکە لە نوێترین راگەیەندراویدا ئاماژەی بە دابەزینی سامانی (ئیلۆن ماسک) سەرۆکی کۆمپانیای تەسێلا کردووە بۆ ١٤٥ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار، ئەمەش دوای ئەوەی ئیلۆن ماسک تەنھا لەم ھەفتەیەدا ٢٠ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار زەرەری کرد و پێگەی ئەم گەورە ملیاردێرەی ھێنایە ریزبەندی سێھەمی دەوڵەمەندەکانی جیھان.

کەمبوونەوەی سامانی (ئیلۆن ماسک) گەورە ملیاردێری ئەمریکی دوای ئەوە دێت کە ساڵی رابردوو  پشتیوانی خۆی و کۆمپانیای تەسێلای بۆ دراوی گریمانەیی بتکۆین نیشاندا و بڕیاریدا ئۆتۆمبیلە کارەباییەکانی بە بتکۆین بفرۆشێت، بەمەش ئەو دراوە گریمانەییە ٢٩%ی بەھاکەی بەرز بوەوە، بەڵام بڕیاری راگرتنی مامەڵەکردنی کۆمپانیاکەی دا بە دراوی گریمانەیی بتکۆین بەھۆی ئەو زیانە ئابوورییە زۆرەی ئەو دراوە بەو ملیاردێرەی گەیاند.