تاوەکو ئێستا لیستی موچەی مانگی دووی هەرێم تەواو نەكراوە
٢٣ی شوباتی ٢٠٢٥
هەرچەندە بڕیاربوو هەفتەی رابردوو لیستی موچەی مانگی دووی هەرێم رەوانەی بەغداد بكرێت، بەڵام تاوەكو ئێستا لیستەكە ئامادە نەكراوە.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە وەزارەتی دارایی هەرێم بە كوردسات نیوزی راگەیاند، تاوەکو ئێستا لیستی موچەی مانگی شوبات ئامادە نییە و كارەكانی تەواو نەكراون، بەڵام چاوەروان دەكرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا لیستەكە ئامادە بكرێت و رەوانەی بەغداد بكرێت .
لەلایەكی دیکەوە، كارەكانی وەفدی دیوانی چاودێری عیراق كە ماوەی هەفتەیەكە لە هەولێرن بۆ وردبینكردنی داهات و خەرجییەكانی شەش مانگی رابردووی هەرێم بەردەوامە.
بڕیاریشە، دوای تەواوكردنی كارەكانیان راپۆرتێك لەو بارەیەوە رادەستی چاودێری دارایی عیراق بكەن .
لە ئێستادا موچەخۆرانی هەرێم لە کۆتایی مانگی دوو نزیک دەبنەوە، بەڵام لیستی موچە نەنێردراوە بۆ بەغداد و چارەنووسی موچەی مانگی 12ی ساڵی رابردووشیان نادیارە.