كۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی كوردستان - ئەپیكۆر، قەبارەی زیانەكانی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم ئاشكرا دەكات و دەڵێت، گەیشتووەتە 27 ملیار دۆلار.

مایڵز كاكینز وتەبێژی ئەپیكۆر بە كوردسات نیوزی راگەیاند، ئەپیكۆر ئامادەیە لە رێی بەندەری عێراق - توركیاوە، هەناردەی نەوت دەستپێبكاتەوە، بەو مەرجەی گرێبەستی كاركردنی ئەوان لەبەرچاو بگیرێت.

بەوتەی خۆی، زیانەكانی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم، گەیشتووەتە 27 ملیار دۆلار، لەكاتێكدا پێشتر كۆمەڵەكە رایگەیاندبوو، قەبارەی زیانەكان 22 ملیار دۆلارە.

لەلایەكی ترەوە كۆمەڵەكە كە وەبەرهێنان لە بواری نەوت و گازی هەرێمی كوردستاندا دەكات، لەبارەی گفتوگۆكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عیراق رایگەیاند، ئامادەن بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهان.

وتیشی، هەوڵدەدەن رێكەوتنەكەی نێوان حكومەتی عیراق و هەرێمی كوردستان بكرێت بە نوسراو كە تێیدا شەفافیەت هەبێت لە شێوازی پارەدان دوور لە دەستێوەردانی سیاسی.