رۆژی سێشەممە هەفتەی داهاتوو لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران، بانگێشتی وەزارەتی دارایی عیراق دەکات و گفتوگۆ لەبارەی موچەی مانگی 12ی فەرمانبەرانی هەرێم دەکەن.

پەیامنێری کوردسات نیوز لەسەرچاوەیەکی تایبەتەوە زانیاری دەستکەوتوە، رۆژی سێشەممەی هەفتەی داهاتوو، لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بانگهێشتی لێپرسراوانی وەزارەتی دارایی عیراق دەکات و لە نزیکەوە گفتوگۆی دیاریکردنی چارەنوسی موچەی مانگی 12ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکەن.

پەیامنێری کوردسات نیوز لە سەرچاوە تایبەتییەکەیەوە ئاشکرای دەکات، لە کاتی پێویستدا لیژنە حەوت ئەندامییەکەی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران، لەگەڵ وەزارەتی دارایی هەرێمیش کۆدەبنەوە و چارەنووسی موچەی ئەو مانگە تاوتوێ دەکەن، کە لە نێوان هەرێم و بەغداد بە نادیاری ماوەتەوە.

پەیامنێری کوردسات نیوز ئەو زانیاریەشی دەستکەوتوە، لە کۆبونەوەکەی رۆژی سێشەممەدا پرسیار ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی عیراق دەکرێت، لە بارەی رادەستکردنی  داتای فەرمانبەرانی هەرێم، لەلایەن وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانەوە بە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدڕاڵ و دەستپێکردنەوەی هەوڵەکان بۆ بەبانکیکردنی موچەی موچەخۆرانی حکومەتی هەرێم.