وەزارەتی سامانە سورشتیەكانی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، ئەم هەفتەیە وەزارەتی نەوتی عیراق بڕێك نەوتی سپی بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێم دەنێرێت، بەڵام نەوتەکە بڕێکی کەمە و بەشی بڕێکی کەمی ماڵەکان دەکات.

وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی حكومەتی هەرێم لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، ئەو بڕەنەوتەی رەوانەی هەرێمی كوردستان دەکرێت زۆر كەمترە لە پشكی هەرێمی كوردستان.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو بڕە تەنها ١٩٪ی پێویستی خێزانەكانی هەرێمی كوردستان پڕ دەکاتەوە.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئەوەشی خستووەتە روو، ئەگەر عیراق ئەو بڕە نەوتەش دابین بکات، ئەوا بە چەند كاروانێك دەگاتە هەرێمی كوردستان و راستەوخۆ لەڕێگای بەڕێوەبەرایەتییەكانی نەوت و كانزاكانەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان دەست بە دابەشكردنی دەكرێت.