وەزیری نەوتی عێراق دەڵێت، حکومەتی فیدراڵیی عێراق کار لەسەر ئەوە دەکات پێوەرێکی نوێ لە ھەژمارکردنی پشکی ھەرێمی کوردستان بەکاربھێنرێت
 
ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق بە میدیای فەرمیی عێراقی راگەیاند "بەپێی یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢١، ھەرێمی کوردستان لەسەری پێویست بوو نرخی ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بە نرخی سۆمۆ رادەستی حکومەتی عێراق بکات. ئەوەی نێردراوە (بۆ ھەرێمی کوردستان) دوای ئەوە بووە کە نرخی ٢٥٠ ھەزار بەرمیلی لێ گەڕێندراوەتەوە." 

بەپێی پرۆژە یاسای بودجەی عێراق، دەبێت بەغدا مانگانە مووچە و شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان بنێرێت ئەویش لەبەرامبەر ئەوەی ھەرێمی کوردستان رۆژانە داھاتی ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت و نیوەی داھاتی دەروازە سنوورییەکان رادەستی بەغداد بکات.

بەڵام دوای چەند مانگێک بەغداد وەستا لە پێدانی شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان و دواتر بڕی ٢٠٠ ملیار دیناری مانگانە لەلایەن بەغداد بۆ ھەرێمی کوردستان تەرخانکرا و لەگەڵ دواکەوتنی پێدانی ئەم بڕە پارەیە پێدانی مووچەی فەرمانبەرانیش دوادەکەوێت.