وەزارەتی نەوتی عێراق، ئاماری ھەناردە و فرۆشتنی نەوتی لە مانگی ئازاردا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لەو مانگەدا لە رێگەی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ"وە، ١٠٠ ملیۆن و ٥٦٣ ھەزار و ٩٩٩ بەرمیل نەوتیان فرۆشتووە، کە تێکڕا رۆژانە ٣ ملیۆن و ٢٤٤ ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردەی دەرەوە کردووە.

راشیگەیاند، بە تێکڕا یەک بەرمیل نەوتیان بە ١١٠ دۆلار و ٩٠ سەنت فرۆشتووە، بەوەش کۆی گشتی داھاتی نەوت لە مانگی رابردوودا گەیشتووەتە ١١.٠٧ ملیار دۆلار، کە ئەوە بەرزترین ئاستی داھاتی نەوتە لە ساڵی ١٩٧٢وە، واتا لە ماوەی ٥٠ ساڵدا.