ئیلۆن مەسک دابینکردنی ئینتەرنێتی مانگی دەستکردی بۆ یەمەن راگەیاند

3کاتژمێر پێش ئێستا   |  
فۆتۆ: 
یەحیا
ئیلۆن مەسک ملیاردێری جیھان و ئەمریکا، دابینکردنی ئینتەرنێتی مانگی دەستکردی بۆ وڵاتی یەمەن راگەیاند.

کۆمپانیای ستارلینک خستنەبازاڕی ئینتەرنێتی مانگی دەستکردی لە یەمەن ڕاگەیاند، بەمەش دەبێتە یەکەم وڵات لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست کە ئەم خزمەتگوزارییە بەدەستبھێنێت.

رۆژی ٦ی ئەم مانگە حکومەتی یەمەن رەزامەندی دەربڕی لەسەر دەستپێکردنی ئەو خزمەتگوزارییە کە لەڕێیی بریکارەکانی ستارلینکەوە بە ھاوڵاتیان دەفرۆشرێت بەنرخیکی گونجاو.

لەوبارەیەوە باڵیۆزخانەی ئەمریکا پیرۆزبایی لە یەمەن کرد بۆ بەدەستھێنانی ئەو خزمەتگوزارییە پێشکەوتووە، لە بەرامبەریشدا حوسیەکان ئەم ھەنگاوەیان بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکە لەقەڵەمداو ھۆشداریشیاندا لە بەکارھێنانی.

مانگی دەستکردی ستارلینک ڕێگە بە دابینکردنی ئینتەرنێتی خێرا دەدات لە ناوچە دوورەدەستەکان یان ئەو شوێنانەی کە ژێرخانی پەیوەندییەکانی بەھۆی شەڕ یان کارەساتەکانەوە تێکچووە.