گروپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا لە عەفرین ١٠ ھاوڵاتی مەدەنی دەڕفێنن

4کاتژمێر پێش ئێستا   |  
فۆتۆ: 
لاوان
لە عەفرینی رۆژئاوای کوردستان، گروپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا ١٠ ھاوڵاتی مەدەنیان رفاندووە و لەبەرامبەر ئازادکردنیان داوای دوو ھەزار دۆلار لە بنەماڵەکانیان دەکەن.

رێکخراوی مافی مرۆڤ عەفرین بڵاویکردەوە، لە بەردەوامی داگیرکاری و تاوانکارییەکانی تورکیا بەرامبەر خەڵکی عەفرین، گروپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا لە چەند ھەفتەی رابردودا، ١٠ ھاوڵاتیی مەدەنیان لە سنووری شارۆچکەکانی عەفرین رفاندووە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، گروپە چەکدارەکان بەشێک لەو ھاوڵاتییە مەدەنیانەیان گواستووەتەوە بۆ زیندانی مەراتە لە سەنتەری شاری عەفرین و بەشێکیشیان بێسەروشوێنن، لە بەرامبەر ئازادکردنیشیان داوای دوو ھەزار دۆلار لە کەسوکاری ئەو ھاوڵاتییانە دەکەن.

ئاماژەی بەوەشداوە، گروپە چەکدارەکانی تورکیا لە عەفرین بەردەوامن لە سەپاندنی باج و ھێرشکردنە سەر موڵکی تایبەتی ھاوڵاتیان و رفاندنیان، بە ئامانجی ئاوارەکردنی دانیشتوانی رەسەنی شارەکە و گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەکە.