وەزیری دەرەوەی تورکیا: ئەردۆغان ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوە لەگەڵ ئەسەد

5کاتژمێر پێش ئێستا   |  
فۆتۆ: 
مەریوان عەبدوڵا
ھاکان فیدان رایگەیاند، ئامادەن بۆ ئەنجامدانی کۆبونەوەی نێوان سەرۆک کۆماری تورکیا و ھاوتا سورییەکەی و بۆ ئەو مەبەستەش ھەردولا لە گفتوگۆدان.

ھاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لەمیانی چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ ئاژانسی ئەنادۆڵ ئاماژەی بەوەدا، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ئامادەیە لەگەڵ ھاوتا سورییەکەی بەشار ئەسەد کۆببێتەوە و بڕیاریداوە، کۆبوونەوەکە لە ئایندەیەکی نزیکدا بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش ماوەیەکە گفتوگۆ و دانوستانەکانی ئەنقەرە و دیمەشق، بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لەسەر ئاستی ھەواڵگری و سەربازی بەردەوامە.

ئەوەشی خستەڕوو، لە ئەنجامی ئەو رێککەوتنە سەربازییەی تورکیا لەگەڵ روسیا ئەنجامیداوە، لەساڵی ٢٠١٧ـەوە جەنگی سارد لە سوریا دەستیپێکردووە و گرژییەکانی ناوچەکە بەرەو ھێوربونەوە رۆیشتووە، بەبێ چارەسەربوونی ریشەیی بۆ دۆخی ئەو وڵاتە.

وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەشدا، تورکیا دەیەوێت چارەسەرێکی ریشەیی بۆ دۆخی سوریا بەدی بێنێت.

پێشتریش چەندجارێک ئەردۆغان ئامادەیی خۆی بۆ ئەو کۆبونەوەیە دەبڕیووە، بەڵام سەرۆک و لێپرسراوانی تری سوریا کشانەوەی ھێزەکانی تورکیا و گروپەکانی نزیک لەو وڵاتەیان لە خاکی سوریا کردە مەرج بۆ ئەنجامدانی کۆبونەوەکە.