ئێران: بە مافی خۆمانی دەزانین وەڵامی ھێرشەکەی ئیسرائیل لە لوبنان بدەینەوە

5کاتژمێر پێش ئێستا   |  
فۆتۆ: 
لاوان
نوێنەری ھەمیشەیی ئێران لە نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، وڵاتەکەی بە مافی خۆی دەزانێت وەڵامی ھێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان بداتەوە.

ئەمیر سەعید، نوێنەری ھەمیشەیی ئێران لە نەتەوەیەکگرتووەکان، لە نامەیەکدا بۆ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەداوە، ئێران بە توندی ئیدانەی ھێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان دەکات، کە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و ھەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایش و ئاشتی ناوچەکە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەمریکا بەھۆی پاڵپشتیکردنی ئیسرائیلەوە، بەرپرسیارە لە ھێرشەکانی ئیسرائیل.

ئاماژەی بەوەشداوە، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، ئێران بە مافی خۆی دەزانێت رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆ وەڵامدانەوەی ھێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، کە بەھۆیەوە موجتەبا ئەمانی باڵیۆزی ئێران لە بەیروت برینداربوو.