نەتەوە یەکگرتووەکان بریارنامەیەکی لە بەرژەوەندی فەلەستین پەسەند کرد

4کاتژمێر پێش ئێستا   |  
فۆتۆ: 
یەحیا
کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بە زۆرینەی دەنگ بڕیارنامەیەکی ناپابەندکەری پەسەند کرد و داوای لە ئیسرائیل کرد کۆتایی بە داگیرکاری نایاسایی بھێنێت لە فەلەستین.

بڕیارنامەکە بە ١٢٤ دەنگی بەڵی بەرامبەر ١٤ دەنگی نەخێر پەسەندکرا و ٤٣ وڵاتیش خۆیان لە دەنگدان بەدوور گرت.

ھەریەک لە ئیسرائیل و ئەمریکا و ئەرژەنتین و چیک و ھەنگاریا بە نەخێر دەنگیاندا.

کۆمەڵەکە داوای لە ئیسرائیل کرد بێ دواکەوتن کۆتایی بە داگیرکاری نایاسایی خۆی لە ناوچە داگیرکراوەکانی فەلەستین بھێنێت لە کەناری رۆژئاوا و قودسی رۆژھەڵات بەجۆرێک لە ١٢ مانگ زیاتر نەبێت.

داواش دەکات ئیسرائیل زەوی و موڵک و ماڵی فەلەستینیەکان بگەڕێنێتەوە کە لە ساڵی ١٩٦٧ داگیری کردوون.

دەنگدانەکەش دوای ئەوە دێت دادگای لاھای کە بەرزترین دادگای نەتەوە یەکگرتووەکانە لە مانگی تەموزی رابردودا داوای لە ئیسرائیل کرد کۆتایی بە داگیرکاری دەیان ساڵەی خۆی بھێنێت لە فەلەستین.