(عەلی عەلاوی) وەزیری دارایی عێراق لەکۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، وەزارەتەکەی پلانێکی داڕشتوە  بۆ بەرزکردنەوەی مووچە و دەسھاتی تاک ،ھاوکات ئاژانسی ھەواڵەکانی عێراقی نزیک لە حکومەت ئاشکرای کرد ، (مستەفا کازمی) سەرۆکی وەزیران پێشنیارەکەی وەزارەتی دارایی ڕەتکردووەتەوە کە تایبەت بوو بە باج خستنە سەر مووچەی فەرمانبەران، بە پاساوی ئەوەی کە مووچە خۆران لە چینە ھەژارەکانی عێراقن .

کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق لە کۆتایی مانگی ئادار لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا ئاشکرایکرد، ڕێژەی ھەژاری لە عیراقدا ئاستێکی پێوانەیی تۆمار کردووەو زیاتر لە ١٣ ملیۆن ھاوڵاتی لەناو ھێڵی ھەژاریدا دەژین.

وەزارەتی پلاندانی عێراقیش لەسەرەتای ئەم مانگە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، ھۆکاری فراوان بوونی تێکڕای ھەژاری لە عێراقدا دەگەڕێتەوە بۆ ھەڵکشانی کۆی گشتی نرخەکان.. بە تێکڕایی گشتیش لە ئێستادا نرخەکان نزیکەی ٢١٪ بەرزبوونەتەوە.

چاودێرانی ئابووریش ھۆکاری بەرزبوونەوەی نرخەکان دەگەڕێننەوە بۆ زیاد بوونی خەرجیە گشتیەکان و دابەزینی بەھای دراوی عیراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی لە لایەکەوەو، کەمی بەرھەمی ناوخۆیی لە کاڵاو خزمەتگوزرایەکان  لەلایەکی دیکەوە کە  تەنھا  نزیکەی ٦٪ ی کاڵاو خزمەتگوزرایەکانی پێکھێناوە.

ھەربۆیە ئابووریناسان مەترسی خۆیان لەم ھەوڵەی (عەلی عەلاوی) وەزیری دارایی ناشارنەوە لە زیاد بوونی دەسھاتی تاک ئەگەر لە بەرامبەردا زیادبوونی بەرھەمی ناوخۆی لەکاڵاو شمەک بەدوادا نەیەت،ئەوا ڕاستەخۆ ھەڵاوسانی سەرکێش لە نرخەکاندا روودەدات و گوزەرانی ھاوڵاتیان خراپتر دەکات و ئابووری عێراقیش دووچاری قەیرانی گەورە دەکات.