برینی كۆنی سوریا لە دوای ١٣ ساڵ سەرهەڵدەداتەوە، سوریا كە لە ساڵی ٢٠١١ەوە گیرۆدەی جەنگە و بەهۆیەوە لانیكەم ٥٧٠ هەزار كەس كوژراون و زیاتر لە حەوت ملیۆن كەسیش لە دانیشتوانی ئەو وڵاتە ئاوارەبوون .


لە نوێترین پێشهاتدا و لە كەمتر لە ٧٢ سەعاتدا زۆرینەی روبەری شاری حەلەب لەلایەن چەكدارانی نزیك لە توركیا دەستی بەسەردا گیرا.

دەسەڵاتی بەشار ئەسەد كە بە هاوپەیمانی تاران و مۆسكۆ لە قەڵەم دەدرێت تەنها لە سێ رۆژدا بە تەواوەتی لە حەلەب كشایەوە.


روسیا زیاتر لە سێ ساڵە سەرقاڵی جەنگی ئۆكراینایە و ئێرانیش بەهۆی ململانێ لەگەڵ ئیسرائیل زیاتر لە ساڵێكە سەرنجی لای هاوپەیمانەكەی نەماوە. ئەگەرچی ئێران و روسیا بە بەردەوامیی دەستیان بە حكومەتی دیمەشقەوە بووە، بەڵام لە بەرامبەردا توركیا بە بەردەوامی چەكدارانی نەیاری سوریای لە ئامێز گرتووە .


حەلەب كە شارێكی ستراتیژیی سوریایە، ساڵانێك زۆرە هەر لە كۆنەوە ناوەندێكی بازرگانی گرنگی نێوان رۆژئاوا و رۆژهەڵاتە و ژمارەی دانیشتوانەكەشی پێش جەنگی ساڵی ٢٠١١ زیاتر لە دوو ملیۆن و ٣٠٠ هەزار كەس بووە.


دەستەی تەحریر شام كە لە لیستی تیرۆری زۆربە وڵاتانی جیهان و بە تایبەتیش لیستی تیرۆری ئەمریكادایە ساڵی ٢٠١٧ لە هەناوی بەرەی نوسرە لەدایكبووە كە ئەو بەرەیەش ساڵی ٢٠١٢ لە جەنگی سوریا دروستبوو.

دوای هەشت ساڵ جارێكی دیكە حەلەب كەوتە دەست چەكدارانی نەیاری دیمەشق كە وەك دوەمین شاری گەوەرەی سوریا لە كەمتر لە چوار رۆژدا لە لایەن چەكدارانەوە كۆنترۆڵكرا.


چەكدارانی تەحریر شام لەدوای ساڵی ٢٠١٦ نەیانتوانیبو حەلەب كۆنتڕۆڵبكەن، چونكە ساڵی ٢٠٢٠ لە  چوارچێوەی رێككەتنی ئاستانە زۆربەیان بەرەوە ئیدلیب كشانەوە .رژێمی سوریا دەڵێت ئەو چەكدارانە پێشێلی رێككەوتنی ٢٠١٩ ەیان كردووە كە لە سەر ناوچەكانی حەلەب و ئیدلیب كراوە. زۆرینەی ئەو گروپە چەكدارانە كە لەلایەن تەحریرشام سەركردایەتییان دەكرێت لە ئیدلیب و عەفرین بە پشتیوانی توركیا جێگیر كرابوون.

لە شەڕ و پێكدادانی نێوان هێزە چەكدارەكان و سەربازانی سوریا زیاتر ٤٠٠ كەس كوژراون كە ٦١ كەسیان هاووڵاتی مەدەنین و زۆرینەیان ژن و منداڵن.


روسیا دوای ٨ ساڵ تەنها لە دوو رۆژدا ٦٣ جار بە فڕۆكەی جەنگی بۆردومانی پێگە و بنكەسەربازییەكانی چەكدارانی تەحریر شام و هاوپەیمانەكانی كردووە.چەكدارانی تەحریر شام دوای كۆنترۆڵكردنی زۆرینەی خاكی حەلەب رایانگەیاند ١٩ گوند و ناوچەی حەممای-یان كۆنتڕۆڵ كردووە.