دەستەی دادوەرانی دۆسیەی کوژرانی جۆرج فلۆید، کە لە ١٢ دادوەر پێکدێن، "دێرک شۆیڤن"ی تەمەن ٤٥ ساڵ و پۆلیسی پێشووی ئەمریکایان وەک بکوژی جۆرج فلۆید ناساند و تاوانەکەی بەسەردا ساغبووەوە، "شۆیڤن" بە کوشتنی بە ئەنقەست تاوانبارکراوە و ٢٩ بۆ ٤٠ ساڵ زیندانی دەکرێت، خێزان و کەسوکارەکەی فلۆیدیش دڵخۆشن بە بڕیارەکەی دادگا.

دوای بڕیارەکەی دادگا، جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکا و کامالا ھاریسی جێگری، پەیوەندیان بە خێزانی جۆرج فلۆیدەوە کرد و بایدن ڕایگەیاند، بڕیارەکە ھەنگاوێکی گرنگە بۆ بەدەستھێنانی دادوەری.

بۆ پاڵپشتیکردنی بڕیارەکەی دادگا، ھەزاران کەس لە شارەکانی واشنتۆن، نیویۆرک و میناپۆلیس کۆبوونەوە و لە شاری میناپۆلیس و نزیک شوێنی کوژرانی فلۆید، ٢٠ دۆلارییان بڵاودەکردەوە وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو ٢٠ دۆلارە ساختەیەی، کە جۆرج فلۆیدی لەسەر کوژرا.

جۆرج فلۆید گەنجێکی ڕەش پێستی ئەمریکی تەمەن ٤٦ ساڵە بوو، ٢٥ی ئایاری ساڵی ڕابردوو لەلایەن پۆلیسێکەوە دەستگیرکرا، پۆلیسەکە بە توندی ئەژنۆی لەسەر ملی فلۆید دانا و بەو ھۆیەوە گیانی لە دەستدا، ڕووداوەکە کاردانەوەی فراوانی لەسەر ئاستی ئەمریکا و جیھان لێکەوتەوە.