مەترسییەكانی هێرشی ئیسرائیل بۆسەر گرووپە چەكدارەكانی عیراق زیاتر دەبێت
هەژار
٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
١١٩
گرووپە چەكدارەكان لە عیراق كە بە هاوپەیمان و گرووپەكانی نزیك لە ئێران دادەنرێن، بەردەوامن لە هێرشە مووشەكی و درۆنییەكانیان بۆسەر ئیسرائیل و داواكارییەكی سەرۆك وەزیرانی عیراقیش بۆ راگرتنی هێرشەكان رەتدەكەنەوە، لە بەرامبەریشدا ئیسرائیل هۆشداری دەداتە عیراق و دەڵێت باجی ئەو هێرشانە زۆر قورس دەبێت.
ماڵپەری ئەكسیۆسی ئەمریكی لە سەرچاوەیەكی باڵای هەواڵگری ئیسرائیلەوە بڵاویكردووەتەوە، هەموو بەڵگە و زانیارییەكیان پێگەیشتووە كە ئەمجارە ئەگەر ئێران هێرش بكاتەسەر ئیسرائیل، لەناو خاكی خۆیەوە هێرشەكە ئەنجام نادات، بەڵكو لە ناو خاكی عیراق و لە رێگەی گرووپە چەكدارەكانی هاوپەیمانییەوە هێرش دەكاتەسەر ئیسرائیل، بەڵام پەیامێكیان ئاراستەی عیراق كردووە و هۆشدارییان پێداوە ئەگەر كارێكی لەو جۆرە بكرێت باجەكەی لەسەر عیراق زۆر قورس دەبێت.
عەبدولئەمیر تەعێبان راوێژكاری محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراقیش رایگەیاند، سودانی داوای لە گروپە چەكدارەكان كردووە هێرشی درۆنیی و موشەكیی بۆ سەر ئیسرائیل رابگرن و نەچنە بەرەكانی جەنگ بۆئەوەی عێراق لە شەڕ و ئاڵۆزییەكانی رۆژهەڵات تێوەنەگلێت.
لەبەرامبەریشدا سەرچاوەیەك لە گروپەكانی بەرەی مقاوەمە لە عیراق راگەیاندووە، بڕیاری یەكلاكەرەوەیان داوە و حزبوڵای عێراقی و بزوتنەوەی نوجەبا پشتیوانیكردن لە فەلەستین و لوبنان بەئەركی خۆیان دەزانن و هێرشەكانیان راناگرن.
مقاوەمەی ئیسلامی عیراقیش ئاماژەی بەوە كردووە، لە چوارچێوەی بەردەوامی هێرشەكانیان دژی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر فەلەستین و لوبنان، سێ هێرشی درۆنییان كردوەتەسەر ئیسرائیل و بەردەوامیش دەبن لە هێرشكردن تا ئەوكاتەی بۆردومانی فەلەستین و لوبنان بەردەوام بێت.
ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێسیش لە زاری چەند لێپرسراوێكی ئەمریكاوە بڵاویكردووەتەوە، هێرشی بەردەوامی گروپە چەكدارەكان لە عیراقەوە بۆ سەر ئیسرائیل ئەگەری وەڵامی راستەوخۆی تەلئەبیب زیاتر دەكات، دەشڵێن، ئەمریكا و هاوبەشەكانی ناچارن دەستوەردان بكەن بۆ خستنەخوارەوەی ئەو درۆنانەی لەلایەن گروپە چەكدارەكانی عیراقەوە ئاراستەی دەكرێن، باسیان لەوەشكردووە، بەشێوەیەكی گشتی رۆژانە پێنج هێرش لە عیراقەوە دەكرێنەسەر ئیسرائیل و هەفتەی رابردووش لە ماوەی تەنها 24 سەعاتدا نزیكەی هەشت درۆن ئاراستەی تەلئەبیب كراون.
رۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمریكیش لە زاری سێ لێپرسراوی باڵای ئێرانەوە رایگەیاندووە، رۆژی دوو شەممەی رابردوو عەلی خامنەیی رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی لەگەڵ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران كۆبووەتەوە و فەرمانی كردووە وەڵامی هێرشەكەی ئیسرائیل بدرێتەوە و داواشیكردووە بۆئەو مەبەستە هەموو ئامادەكارییەك بكرێت.
لەدوای هێرشەكەی مانگی رابردووی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە رێگەی ئاسمانی عیراقەوە، گروپی مقاوەمەی ئیسلامی لە عیراق هێرشەكانی بۆ سەر ئیسرائیل زیاتركردووە و رۆژی هەینیش لە رێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە شەش هێرشی بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجامداوە و جەختیش لە بەردەوامی هێرشەكانی بۆسەر ئەو وڵاتە دەكاتەوە.