عیراق یاداشتێکی ناڕەزایەتی ئاراستەی نەتەوەیەکگرتووەکان دەکات
کەژان
٢٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤
٤٨
بەکارھێنانی ئاسمانی عیراق لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆ ئەنجامدانی ھێرشەکەی بۆسەر ئێران کاردانەوەی لێکەوتەوە و بەغدادی ناچارکرد، یاداشتێکی نارەزایەتی ئاراستەی نەتەوەیەکگرتوەکان بکات.
بەرەبەیانی رۆژی شەممەی رابردوو، سوپای ئیسرائیل ھێرشی کردە سەر ئێران، لە وەڵامی ھێرشە موشەکییەکەی تاران بۆ سەر تەلئەبیب، رۆژێک دوای ھێرشەکە سەرۆکایەتی ئەرکانی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی ئێران رایگەیاند، ئیسرائیل بە ھاوکاری ئەمریکا ئاسمانی عیراقی بەکارھێناوە بۆ ھێرشکردنەسەر ئێران، رۆژی دووشەممەش بۆ یەکەمجار، عیراق دانینا بەوەی ئاسمانی وڵاتەکەی لەلایەن ئیسرائیلەوە لە ھێرشەکەی سەر ئێران بەکارھێنراوە.
باسم عەوادی وتەبێژی حکومەتی عیراق رایگەیاند، یاداشتێکی نارەزاییان ئاراستەی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایش کردووە جەختیانکردووەتەوە، سوپای ئیسرائیل ئاسمانی وڵاتەکەی بەکارھێناوە بۆ ھێرشکردنە سەر خاکی ئێران، کە پێشێلکاریەکی روونی ئاسمان و سەروەری خەکەکەیەتی.
وتیشی، داوایان لە وەزیری دەرەوەی عیراق کردوە ئەو نیگەرانیە بگەیەنێتە لایەنی ئەمریکی لەگەڵ پابەندبونیان بە مەرجەکانی ڕێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی دوولایەنە و پابەندبوونی ئەمریکا بە ئاسایش و سەروەری عیراق.
حکومەتی عیراق لە یاداشتەکەیدا جەختیشکردووەتەوە لەسەر پاراستنی سەروەر و سەقامگیریی رێزگرتن لە خاکەکەی لایەن ھەموانەوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەوان ھەرگیز رێگانادەن لە خاکی عیراقەوە ھێرشبکرێتە سەر ھیچ وڵاتێکی دیکە، بەتایبەتی وڵاتانی دراوسێ کە عیراق پەیوەندی ڕێز و بەرژەوەندی ھاوبەشی لەگەڵیاندا ھەیە.
حکومەتی عیراق راشیگەیاندووە، ئەو ھەڵوێستەی عیراق رەنگدانەوەی پەرۆشی وڵاتەکەیانە بۆ پەیڕەوکردنی سیاسەتی پاراستنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
ھاوکات، مەحمود حیانی سەرکردە لە ھاوپەیمانی فەتح کە ھادی عامری سەرۆکایەتی دەکات رایگەیاند، ئیسرائیل ھەموو پلانێکی داڕشتبوو بۆئەوەی لەگەڵ ھێرشکردنە سەر ئێران، بارەگای گرووپە چەکدارەکان لە عیراق بۆردومان بکات، بەڵام ئەمریکا رێگەی پێنەداوە و ئاگاداری کردووەتەوە ئەو ھەنگاوە زیانی بۆ پەیوەندییەکانی بەغداد و واشنتۆن دەبێت.
لەسەر بەکارھێنانی ئاسمانی عیراق لەلایەن ئیسرائیلەوە، لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئەنجومەنی نوێنەران بە نیازە ژمارەیەک لێپرسراوی باڵای عیراق بانگھێشت بکات لەسەرووی ھەموویانەوە محەمەد شیاع سودانی فەرماندەی گشتی ھێزە چەکادارەکان.
مەھدی تەقی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت، لە ھێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، فڕۆکەکانی ئیسرائیل ئاسمانی عیراقیان بەکارھێناوە، بە مەبەستی پەلکێشکردنی عیراق بۆ گرژییەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و کردنی بە گۆڕەپانی شەڕە ھەرێمییەکان، کە ئەوەش قبوڵنەکراوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەسەر ئەو ھێرشە و بەکارھێنانی ئاسمانی عیراق، لیژنەکەیان بە نیازە ھەریەک لە محەمەد شیاع سودانی فەرماندەی گشتی ھێزەکانی عیراق و وەزیری بەرگری و فەرماندەی ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکان بانگھێشتی ئەنجومەنی نوێنەران بکات و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.