دوای بڕیارێكی دۆناڵد ترەمپ، 15ی ئادار زیاتر لە هەزار و 300 فەرمانبەری دامەزراوەی میدیایی دەنگی ئەمریكا نێردرانەوە ماڵەوە. لە 83 ساڵی رابردوودا ئەمە یەكەم جارە دامەزراوەكە كە بە زیاتر لە 50 زمان لەوانەش كوردی پەخشی دەكرد بەو شێوەیە كپ دەكرێت.


لە سەردەمی ئیدارەی جۆن كەنەدی سەرۆكی پیشووتری ئەمریكا، ئاژانسی ئەمریكی بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی (یو ئێس ئەید) تەرخانكراوە بۆ دابینكردنی كۆمەك و هاوكاری بیانی كە بەهاكەی ساڵانە 20 ملیار دۆلار تێدەپەڕێنێت. بەڵام دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا بە ڕاوێژ لەگەڵ ئیلۆن مەسك دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان، دەستیداوەتە هەڵمەتی بچووككردنەوەی هێزی مرۆیی حكومەتی ئەمریكا و كەمكردنەوەی خەرجیەكان بە داخستن و هەڵوەشاندنەوەی دەیان دەزگا و دامەزراوەی سەر بە حكومەتی وڵاتەكە، سەرەكیترینیشیان ئاژانسی ئەمریكی بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتییە.


هەفتەی رابردوو دۆناڵد ترەمپ لە بڕیارێكدا (ئاژانسی ئەمریكی بۆ میدیای جیهانی) لەكارخست كە سەرپەرشتی دەنگی ئەمریكا و رادیۆی ئەوروپای ئازاد و رادیۆی ئاسیای ئازادی دەكرد. رادیۆی ئەوروپای ئازاد پەخشی بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا لەوانە روسیا و ئۆكراین دەكرد و رادیۆی ئاسیای ئازادیش بڵاوكراوەكانی بۆ وڵاتە ئاسیاییەكانی وەك چین و كۆریای باكوور بوون. دوای بڕیارەكەی ترەمپ پاڵپشتی داراییان لەدەست دا.


بڕیارەكانی ترەمپ كاریگەری راستەوخۆی كردووەتە سەر زیاتر لە دوو ملیۆن و 300 هەزار فەرمانبەری حكومەتی ئەمریكا، تاكو ئێستاش زیاتر لە 100 هەزاریان لەسەر كار لابراون. هەروەها ٪83ی كۆمەكی بیانی لەلایەن ئەمریكاوە راگیراوە.


دەنگی ئەمریكا گەورەترین و كۆنترین دامەزراوەی میدیایی نێودەوڵەتی ئەمریكایە كە لە بنەڕەتدا لە گەرمەی جەنگی دووەمی جیهانی بۆ پاڵپشتیكردنی هاوپەیمانان لە  بەرپەرچدانەوەی پڕوپاگەندەی نازییەكان دامەزرا. لەدوای ئەو كاتەوە هەتا 15ی ئاداری ئەمساڵ بەردەوام بوو لە پەخش و رۆڵێكی بەرچاوی گێڕاوە لە گەیاندنی زانیاری و هەواڵ بەو ناوچانەی جیهان كە ئازادی راگەیاندن بوونی نییە یان سنووردارە، بەتایبەت وڵاتانی وەك چین و ئەفغانستان كە لەلایەن حكومەتەوە بڵاوكراوەكانیان  سنوردار كراوە و هاووڵاتیان جگە لە میدیای حكومی، دەستیان بە هیچ میدیایەكی تری سەربەخۆ ناگات.


لە عیراقدا ژمارەیەك میدیا لەلایەن ئاژانسی ئەمریكی بۆ میدیای جیهانی سەرپەرشتی دەكران و بودجەیان  بۆ تەرخان دەكرا، لەوانە كەناڵی حوڕە و رادیۆی سەوا و دامەزراوەی عیراق حوڕ، لە دوای بڕیارەكەی دۆناڵد ترەمپ بودجەی هەموویان بڕا و لەكاركردن وەستان.


دوای بەدواداچوونی كوردسات نیوز دەركەوت، ئەو كارمەندانەی دەنگی ئەمریكا كە لە هەرێمی كوردستان و عیراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گرێبەست كاریان بۆ دەنگی ئەمریكا دەكرد، بەبێ هیچ ئاگاداركردنەوەیەكی رەسمی دوای بڕیارەكانی سەرۆكی ئەمریكا كارەكانیان لەدەستداوە و چیتر ناتوانن بەردەوامی بە ڕۆڵیی میدیایی خۆیان بدەن.


لیژنەی داكۆكی لە ئازادیی رۆژنامەنووسی و مافی رۆژنامەنووسانی سەر بە سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان، لەسەر بڕیارەكان هاتەدەنگ  و نیگەرانی دەربڕی لەبارەی داخستنی دەنگی ئەمریكا و میدیاكانی تری هەرێم و عیراق كە لەلایەن بەرنامەكانی ئەمریكاوە پاڵپشتیدەكران.

 لیژنەكە داوای كرد پێداچوونەوە بە بڕیارەكاندا بكرێت و بژێوی ئەو كەسانەی كاریان بۆ ئەو دامەزراوانە دەكرد بە هەند وەربگیرێت.


دەنگی ئەمریكا و دەزگاكانی تر كە داخران لە سەرانسەری جیهاندا بینەر و بیسەرێكی بێشوماریان هەیە، بەتایبەت لەو وڵاتانەی ئازادیی راگەیاندن سنوردارە. چالاكوانان و میدیاكاران و نوسەران ترسیان لێ نیشتووە پەكخستنی ئەو دامەزراوانە كاریگەریی خراپی لەسەر ئازادی و مافی مرۆڤ هەبێت، بەتایبەت لەو وڵاتانەی تەنیا راگەیاندنەكانی حكومەت و دەسەڵات بڵاوكراوەیان هەیە.