22ی ئادار رۆژی جیهانی ئاوە
محەمەد رزگار
٢٢ی ئازاری ٢٠٢٥
"رۆژی جیهانی ئاو ( World Water Day)"
رۆژی جیهانی ئاو لە 22ی ئاداری هەموو ساڵێکدا بەڕێوەدەچێت بە ئامانجی تیشک خستنە سەر گرنگی ئاوی شیرین و پێشخستنی بەڕێوەبردنی بەردەوامی سەرچاوەکانی. ئەم رۆژە وەک ئیلهامبەخشێکە بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک سەبارەت بە بابەتەکانی پەیوەست بە ئاو و فێرکردنی خەڵک لەسەریان و هاندانیان بۆ ئەنجامدانی کارێک کە بتوانێت گۆڕانکاری دروست بکەن و گۆڕانکاری لەو بابەتانەدا بهێنێتە ئاراوە.
بیرۆکەی بەرزڕاگرتنی رۆژی جیهانی ئاو لە ساڵی 1992 لە کاتی کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ژینگە و گەشەپێدان لە شاری ریۆ دی جانیرۆی بەرازیل سەریهەڵدا، دواتر کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەو ساڵەدا بڕیارێکی پەسەند کرد بۆ دیاریکردنی رۆژێک بۆ ڕۆژی جیهانی ئاودا، یەکەم ڕۆژی جیهانی ئاو لە ساڵی 1993 بەڕێوەچوو و لەو کاتەوە هەموو ساڵێک پرسێکی دیاریکراوی پەیوەست بە ئاوەوە دەستنیشان دەکرێت بۆ تیشک خستنە سەری و هۆشیارکردنەوەی خەڵک دەربارەی.
ئاهەنگ و بۆنە جیهانییەکانی دیکە سەریان هەڵداوە بۆ جەختکردنەوە لەسەر گرنگی جێبەجێکردنی بەڕێوەبردنی دروستی ئاو و شێوازەکانی پاکوخاوێنی. ئەم هەوڵانە بەشدارییەکی بەرچاویان هەیە لە کەمکردنەوەی هەژاری و گەشەپێدانی ئابووری و بەردەوامیی ژینگەیی، نموونەی ئەم جۆرە روداوانە بریتین لە ساڵی نێودەوڵەتی هاوکاری ئاو لە ساڵی 2013 و یەکەی نێودەوڵەتی بۆ کارکردن سەبارەت بە ئاو بۆ گەشەپێدانی بەردەوام لە ساڵی 2018 تا 2028.
گرنگی رۆژی جیهانی ئاو
لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی دانیشتوانی جیهان، خواست لەسەر ئاویش بەرز دەبێتەوە، ئاو شتێکی بنەڕەتییە بۆ ژیان، نەک تەنها بۆ شکانی تینوێتی و پاراستنی تەندروستی، بەڵکو بۆ پشتیوانیکردن لە گەشەپێدانی ئابووری و کۆمەڵایەتی، و رەخساندنی هەلی کار. ئەمەش گرنگی ئاهەنگگێڕان بۆ رۆژی جیهانی ئاو دەخاتە روو و بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک سەبارەت بە بەکارهێنانی ئاو بە شێوەیەکی بەرپرسیارانەتر و هاوسەنگکردنی پێداویستییەکانی ئاوی کۆمەڵگا لە هەمان کاتدا دڵنیابوون لە هاوکاری بۆ ئەو کەسانەی کە ناتوانن دەستیان پێی بگات.
چەند زانیارییەک دەربارەی ئاو:
-لەسەدا 71 گۆی زەوی لە ئاو پێک دەێت
-تەنها ٪3 ـی ئاوی سەر زەوی بۆ خواردنەوە دەبێت
-لە٪60 ـی لەشی مرۆڤ لە ئاو پێکهاتووە
-مرۆڤ رۆژانە پێویستی بە 2-3 لیتر ئاو هەیە بیخواتەوە
-ئاوی گەرم خێراتر دەیبەستێت وەک لە ئاوی سارد
ئاوی ژێر زەوی رێژەی 90 لە سەد زیاتری ئاوی سازگاری گۆی زەوی پێک دێنێت و بۆ خواردنەوە و کاری رۆژانەی ماڵان و ئاودێری و کۆمەڵێک بواری دیکە بەکار دەهێندرێت ، ئەو ئاوە لە ماوەی سەدان و هەزاران ساڵ لە شێوەی حەوزی جیاجیا لە چینەکانی خوارەوەی زەوەی کۆبۆتەوە ، لەم سەردەمەدا کە خواست لەسەر ئاو و بەکارهێنانی زۆر زیادی کردووە و بە فیڕۆدانیش بە تایبەت لە وڵاتە دواکەوتووەکان زۆرە ، جێگرتنەوەی بوونەوەی ئاوی ژێر زەوی لەچاو بەکار هێنانی زۆر زۆر کەمترە ، بۆیە مەترسیەکی گەورە لەسەر بڕی ئاوی ژێر زەوی دروست بووە ، بۆیە نەتەوە یەکگرتووەکان لەو بارەیەوە هۆشداری دەدات لەوەی ئاوی سازگار لە مەترسیەکی گەورە دایە و لەوەیە چەندین کارەساتی مرۆیی روبدات و کێشەی گەورە لەسەر پرسی ئاو لە نێوان چەندین دەوڵەتانی دنیا هەیە و لە داهاتووش هی دیکە دروست دەبێت .
هەرێمی کوردستان دەوڵەمەندە بە ئاوی ژێر زەوی ، بەڵام بە هۆی کەم سوود بینین لە ئاوی روبارەکان یان ئاوی سەر زەوی ، وە لێدانی هەزاران بیر بە شێوەیەکی یاسایی و نازانستی بۆ بەرژەوەندی تایبەتی ، وای کردووە ئاستی ئاوی ژێر زەوی لە هەموو ناوچەکانی کوردستان زۆر دابەزێت ، هەروەها بە هۆی ماددەی پیسکەر و زیانبەخش لە زۆر جێگە ، مەترسیەکی گەورە لەسەر ئاوی ژێر زەوی ئەو سەروەتە نیشتمانیە گرانبەهایە دروست کردووە.
ئەو چالاکییانەی کە دەتوانرێت لە رۆژی جیهانی ئاودا ئەنجام بدرێت:
- دروستکردنی تابلۆی سەرنجڕاکێش و ڕەنگاوڕەنگ، دانانیان لە سەر رووی سینک و حەوزی دەست شۆرەکانی ناو ماڵ و قوتابخانەکان بە مەبەستی بیربخستنەوەی خەڵک کە دوای دەستشۆردن یان شوشتنی ددانەکانیان ئاوی بەلوعەکە بگرنەوە.
-هاندانی ئەندامانی خێزان و خوێندکاران بۆ بەشداریکردن لە چالێنجێک بۆ تەواوکردنی ژەمەکانیان و هەڵگرتنی پاشماوەکانیان بۆ دواتر بۆ کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی خۆراک، ئەمەش لە بەرانبەردا دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی بڕی ئەو ئاوەی کە لە بەرهەمهێنانی خۆراکدا بەکاردەهێنرێت.
-هۆشیارکردنەوەی خەڵک سەبارەت بە بەکارهێنانی باشتری ئاو و گەڕان بەدوای رێگەی زیادە بۆ پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو.
-چالێنجێک رێکبخە کە بەشداربووان سەتڵێک ئاو لەسەر سەریان هەڵبگرن و مەودایەکی دوور بە پێ بڕۆن، ئەم چالاکییە ئامانجی یارمەتیدانی خەڵکە بۆ ئەوەی لە ملیۆنان کەس تێبگەن، بەتایبەتی منداڵان، کە دەبێت چەند میلێک بە پێ بڕۆن بۆ گەیشتنیان بە سەرچاوەیەکی ئاو و وە هەڵگرتنی بۆ ماڵەوە.