ئیمامئۆغڵو و ئەردۆغان لە کێشەی نەدانی پارەی خواردنەوە بۆ کێشەی پۆستی سەرۆک کۆماری تورکیا
زاهیر
٢٠ی ئازاری ٢٠٢٥
ئەكرەم ئیمامئۆغڵو كە ساڵی 1971 لە شارۆچكەی ئاكچە ئاباد، سەر بە پارێزگای ترابزۆن لەدایك بوە و خوێندنی بەشی بازرگانیی لە ئیستەنبول تەواو كردووە، هەر لەو شارەش ماوەتەوە و وەكو خۆشی دەڵێ، دوای تەواكردنی خوێندن خواردنگەیەكی لە ئیستانبوڵ كردوەتەوە و رەجەب تەیب ئەردۆغانیش بە رێككەوت روی لە خواردنگەكەی كردوە، بەڵام پارەی ئەو كفتەیەی نەداوە كە خواردویەتی، ئەوەش بووەتە بەشێك لە مێژویی پەیوەندییەكانی نێوان ئەو دوو سیاسەتمەدارە .
ئیمامئۆغڵو لە ساڵی 2014 كە بوە سەرۆكی شارەوانیی بەیلەكدوزو، سەر بە ئیستەنبوڵ دەستی بە كاری سیاسیی كرد، بەڵام هەر زوو بوە ركابەرێكی بەهێزی بیناڵی یەڵدرم دۆستی دێرینی ئەردۆغان، دواجار شكستی بەو كاندیدەی پارتی داد و گەشەپێدان ئاكەپە هێنا و ساڵی 2019 بەوە سەرۆكی شارەوانیی گەورەی ئیستەنبوڵ.
ئەگەرچی ئاكەپە وەك پارتی دەسەڵاتدار ئەنجامی یەكەم هەڵبژاردنی لە ئیستەنبوڵ رەتكردەوە و هەڵبژاردنەكانیش دوبارە كرایەوە، بەڵام جارێكی دیكە ئیمامئۆغلو سەركەوتنی گەورەی بەرامبەر دۆستە دێریینەكەی ئەردۆغان بەدەست هێنا.
سەركەوتنەكەی ئیمامئۆغڵو بە گەورەترین گورزی مێژویی دژی ئاكەپە و ئەردۆغان لەقەڵەم دەدرێت بە تایبەت كە لە توركیا هەر پارتێكی بەهێز، گرەوی لەسەر بەدەستەوە گرتنی دەسەڵاتی ئیستانبوڵە، چونكە بەدەستەوە گرتنی ئەو شارە هەنگاوێكە بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆك كۆماری توركیا.
كورد رۆڵی سەرەكیی هەبوو لە سەركەوتنی ئیمائۆغڵو بە تایبەت كە ژمارەی دەنگدەرانی و دانیشتوانی كورد لەو شارە گەورەیە زۆر بەرچاوە و رەنگە بگاتە 25٪ سەرجەم دەنگەكان.
ئیمامئۆغڵو لەو رۆژەوەی بووەتە سەرۆك شارەوانیی ئیستەنبوڵ بە بەردەوامی روبەڕوی دۆسیە و تۆمەتی وەك بەرتیل و گەندەڵی كراوەتەوە، بەڵام دۆسیەی ئەمجارەی قورسترە لەسەرجەم دۆسیەكانی رابردو چونكە داواكاریی گشتی توركیا تۆمەتباری كردوە بە سەركردایەتی گروپی تاوانكاری و گەندەڵی دارایی و پشتیوانیكردن لە تیرۆر.
دەستگیركردنەكەی سەرۆك شارەوانیی ئیستەنبوڵ گەورەترین ناڕەزایەتیی و كاردانەوەی لە شارە گەورەكان و بە تایبەت ئەنكەرەی پایتەخت لێكەوتەوە كە ئەوەش بەرفراوانترین ناڕەزایی مێژوی توركیایە كە لە دوای هەوڵی كودەتاكەی ساڵی 2016ی توركیا رویدابێت.
جەهەپە وەك گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیا دەستگیركردنی ئیمامئۆغڵوی بە كودەتا دژی دەستوری وڵات ناوهێناوە و پارتی یەكسانی و دیموكراسی گەلان دەمپارتی داوای دەستبەجێ ئازادكردنیان كردوە و هاوكاتیش وڵاتانی ئەڵمانیا و فەرەنسا ئیدانەی دەستگیركردنەكەیان كردوە.
ئیمام ئۆغلو كە بە ركابەری سەرەكیی سەرۆك كۆماریی داهاتوی توركیا بەرامبەر كاندیدی ئاكەپە لەقەڵەم دەدرێت روبەڕوی قورسترین تۆمەتی مێژوی سیاسیی بوەتەوە و ئێستاش كورد بەهۆی ململانێی جەهەپە و ئاكەپە رەنگە جارێكی دیكە ببێتەوە قوربانیی و ساڕێژكردنی برینە مێژوییەكەی و دەسپێكردنەوەی پرۆسەی ئاشتیی دوابكەوێت.