لە چوارچێوەی هەڵكوتانە سەر ماڵان و دەستگیركردنی سیاسەتمەداران لە توركیا، ئەكرەم ئیمامئۆغڵو سەرۆكی گەورەشارەوانی ئیستەنبۆڵ لەسەر پشكی جەهەپە و رەسوڵ ئەمراح شاهان سەرۆكی شارەوانی شیشلی و محەمەد موراد چالك سەرۆكی شارەوانی بەیلیكدوزو، لەلایەن پۆلیسی توركیاوە دەستگیركران، فەرمانی دەستگیركردنیش بۆ 100 كەسی تر لە گەورەشارەوانی ئیستەنبۆڵ دەركرا.

داواكاری گشتی ئیستەنبوڵ، ئەكرەم ئیمامۆغڵوی بە تۆمەتی گەندەڵی و هاوكاریكردنی پەكەكە و كەجەكە و دروستكردنی بڕوانامەی ساختە دەستگیركردوە، وەك سەرۆكی رێكخراوێكی رێخستنی تاوانیش ناساندویەتی، رۆژێك پێش دەستگیركردنەكەشی لەلایەن زانكۆكەیەوە بڕوانامەكەی لێوەرگیراوەتەوە.

لە دژی كاردانەوە و ناڕەزاییەكانیش پارێزگاری ئیستەنبوڵ هەموو جۆرە كۆبوونەوە و خۆپیشاندان و راگەیەنراوێكی رۆژنامەوانی تا 23ـی ئەم مانگە قەدەغەكرد، لەو چوارچێوەیەشدا وێستگەی میترۆی تەقسیم و هەندێك شەقامی سەرەكی ئیستەنبوڵ داخران.

دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی گشتیی مەهەپەش لەبارەی دەستگیركردنی ئیمامئۆغڵو دەڵێت، دەبێت بە ئارامی لەو ئیرادە دادوەریە بڕوانرێت كە لەبارەی سەرۆكی گەورەشارەوانی ئیستەنبوڵ دەكرێت، بەڕێزەوە پێشوازی لەهەر بڕیارێك بكرێت كە یاسا دەیدات.

بەڵام هاوسەرۆكانی پارتی یەكسانی و دیموكراتی گەلان "دەم پارتی" دژی دەستگیركردنی ئیمامئۆغڵون و دەڵێن، بابەتەكە كودەتایە دژی یاسا و ئیرادەی خەڵك.

تولای هاتیمئۆغلاری رایگەیاندوە، ئەو دەستگیركردنە شەرمەزارییەكی گەورەیە و لە مێژوی توركیادا لەبیر ناكرێت، تونجەر باقرخانیش دەڵێت، دەستگیركردنەكە هێرش و كودەتایەكی ئاشكرایە بەرامبەر دیموكراسی و ئیرادەی گەل و پێویستە دەسەڵات بچێتە سەر رێگەی راست و هەموو دەستگیركراون ئازاد بكات.

بەپێی لێكۆڵینەوەكانی سەرۆكایەتی داواكاری گشتیی كۆماری ئیستەنبوڵیش لە بارەی ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، لێكۆڵینەوەكان بۆ دەستگیركردنی 99 گومانلێكراوی تریش بەتۆمەتی "بوونە بەڕێوەبەری ڕێكخراوی تاوانكاری و ئەندامبوون لە رێكخراوی تاوانكاری و بەرتیل وەرگرتن و بەرتیلدان و بەدەستهێنانی زانیاری كەسی بە نایاسایی و ساختەكاری" بەردەوامە.

لە دژی دەستگیركردنی ئیمامئۆغلو و ئەندامانی تری جەهەپەش لە ناوچەی موغلای سەر بە ئیستەنبوڵ، گردبوونەوەیەك رێكخرا، دواتر لەلایەن پۆلیسەوە هێرشیان كرایە سەر و پێنج كەس دەستبەسەركران.

وەزیری دادی توركیاش دەڵێت، پێویستە ئەوە روون بێت كە لە لەدەوڵەتی یاسادا ئەگەر بانگەشەی تاوانێك هەبێت، ئەو شوێنەی بەرگری تێدا دەكرێت شەقامەكان نین، بەڵكو دەسەڵاتی دادوەرییە.

ئەوەش لە كاتێكدایە ئەكرەم ئیمام ئۆغڵو، لە 22ـی شوباتی رابردوو وەك كاندیدی پارتی گەلی كۆماری "جەهەپە" فۆڕمی كاندیدبوونی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری توركیا پڕكردەوە و داواكارییەكەی پێشكەش بە یاریدەدەری سەرۆكی گشتی جەهەپە بۆ كاروباری هەڵبژاردن كرد، بڕیاریشە لە 23ی ئادار لە هەڵبژاردنی ناوخۆیی حزبەكەیدا بەرەسمی بۆ كاندیدی سەرۆك كۆماری توركیا دیاری بكرێت كە بڕیارە لە ساڵی 2028 بەڕێوەبچێت.