بۆ جارێكی تر دیمەنەكانی شڵەژاوی و وێرانكاری لە غەززە دەستیپێكردەوە، ئەوەش لە دوای ئەوەی ئیسرائیل كۆتایی بە ئاگربەست هێنا و بە چڕی بۆردومانەكانی بۆ سەر كەرتەكە دەستپێكردەوە.

بۆردومانەكانی ئیسرائیل كە سەدان كوژراو و برینداری لێكەوتەوە، جارێكی تر دڵەراوكێی لای فەلەستینیەكان دروستكردەوە، نەخۆشخانەكانی غەززە هەرزوو پر بونەوە لە بریندار و فشارێكی زۆریان لەسەر دروست بوو، دانیشتوانی كەرتەكەش سەرلەنوێ كەوتنەوە دڵەراوكێ.

بەپێی ئامارێكی نوسینگەی كاروباری مرۆیی سەر بە نەتەوەیەكگرتوەكان، لە بۆردومانەكانی بەرەبەیانی 18ـی ئاداردا، زیاتر لە 400 كەس كوژراون كە لەو ژمارەیە 170 یان منداڵ و 80 یان ژنن.

دەشڵێت تەنها چوار نەخۆشخانە لە ناوچەكە بە تەواوی لە كاردان و 22 نەخۆشخانەی تر تەنها بەشێكیان كار دەكات و 17 نەخۆشخانەش لەكار كەوتون، هەموو ئەوانەش فشارێكی گەورەیان لەسەر نەخۆشخانەكانی غەززە دروستكردوە كە بە وتەی بەرێوەبەری نەخۆشخانەی شیفا رەوشەكە كارەساتبارە .